كۆماری كوردستان.. یاده‌وه‌رییه‌كی بایه‌خدار له‌ مێژووی كورد

ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان
author_image ‌هێرۆ مەولودی
پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆكی كۆماری كوردستان لە ساڵی 1946
پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆكی كۆماری كوردستان لە ساڵی 1946

K24 – ھەولێر:

لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، كۆماری كوردستان لە مەھاباد دامەزرێندرا و پێشەوا قازی محەمەد، وەك سەرۆك كۆمار سوێندی یاسایی خوارد. 75 ساڵ بە سەر ئەو رۆژەدا تێدەپەڕێت و لایەنەكانی دیموكرات لەو بڕوایەدان؛ ئەگەرچی ئەم كۆمارە كەم تەمەن بوو، بەڵام ویست و داخوازی گەلی كورد بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان و بووە ھۆكارێك  بۆ درووستبوونی چەند ھێمایەكی گرنگی كورد، كە تا ئێستاش لە ھەر4  پارچەی كوردستان كۆكن لە سەر ئەو ھێمایانە.

كۆمارێكی كورتی پر دەستكەوت، 75 ساڵ لەمەوپێش كۆماری كوردستان لە مەھاباد لە گۆڕەپانی چوارچرای مەھاباد راگەیاندرا، كۆمارێك بە پێشەنگی پێشەوا قازی محەمەد، كە ھەر وەكوو لە راگەیاندراوی یەكەمیدا ھاتووە، ئامانجییەتی كۆمارێكی دیموكراتی كوردستان دابمەزرێنێت.

حەسەن شەرەفی، جێگری لێپرسراوی گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران گوتی: ئامانجەكە ھێندە گەورە بوو، كە بەر لەھەموو شتێك پێویستی بە ھێمای نیشتمانی وەكو ئاڵا و پێشمەرگە ھەبوو، كە ئەم یادگارییانە ئێستاش بۆ كورد ماون.

كۆماری كوردستان ئەگەرچی لە مەھاباد راگەیاندرا، بەڵام لە لایەن كوردستانیانی ھەر چوار پارچەی كوردستان دەپارێزرا. مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ ھێزی بارزان كۆڵەكەی سەرەكی پارێزەری ئەو كۆمارەبوون. پارێزەرێك، كە قازی محەمەد ھێندەی باوەڕ پێی ھەبوو، كە پێش لەسێدارەدانی ئاڵای كوردستان دەداتە ئەو دەستە ئەمینە.

عومەر باڵەكی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان "حدك"  گوتی: بەم شێوەیە ئاڵا و ویستی سەربەخۆیی بوونە دوانەیەكی ھەمیشەیی.

ئەگەرچی كۆماری كوردستان تەمەنی تەنیا11  مانگ بوو، بەڵام سەرەتایەكی ڕوون و راشكاو بوو بۆ سەربەخۆخوازەكانی كوردستان، ھەربۆیە ئەگەرچی دوای ئەوەی یەكێتی سۆڤییەت لەگەڵ حكومەتی ئەو كاتی ئێران رێكەوت و لەنێو بێدەنگی زلھێزەكانی دیكە كۆتایی پێھات و پێشەواكەی لەسێدارە درا، بەڵام دوای75  ساڵ خەونەكە ھەر ماوە و ئیرادەی سەربەخۆییش لە دەستێكی پێداگر و بەھێز دایە.

ر