بایدن لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تۆمه‌ته‌كانی دژ به‌ رووسیا ده‌كات

سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن، دەزگاكانی ھەواڵگری راسپارد بۆ ئەوە لێكۆڵینەوەی لەو پرسانە بكەن، كە واشنتن مەزندە دەكات رووسیا رۆڵی تێیدا ھەبووە، وەك ھێرشە سیبرانیەكان و ژەھرخواردكردنی بەرھەڵستكاری رووسیایی، ئەلیكسی ناڤالینی
جۆ بایدن، سەرۆكی  ئەمەریكا
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن، دەزگاكانی ھەواڵگریی راسپارد بۆ ئەوە لێكۆڵینەوەی لەو پرسانە بكەن، كە واشنتن مەزندە دەكات رووسیا رۆڵی تێیدا ھەبووە، وەك ھێرشە سیبرانیەكان و ژەھرخواردكردنی بەرھەڵستكاری رووسیایی، ئەلیكسی ناڤالینی.

گوتەبێژ بەناوی كۆشكی سپییەوە، جین بساكی لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بایدن دەزگاكانی ھەواڵگری راسپاردووە، شیكردنەوەی تەواو بۆ ھێرشەكانی سیبرانی لەسەر كۆمپانیای (سۆلار ویند)، دەستوەردانی رووسیا لە ھەڵبژاردنی 2020، بەكارھێنانی چەكی كیمیاوی دژ بە سەركردەی بەرھەڵستكاران، ئەلیكسی ناڤالینی و پاداشتەكانی لە لایەن رووسیاوە دراون بۆ كوشتنی سەربازانی ئەمەریكا".

گوتیشی: ھەرچەندە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا مامەڵە لەگەڵ رووسیا دەكات بۆ كاراكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، بەڵام "لێپێچینەوە"ش لە رووسیا دەكات لەسەر "كارە ناشایستەكانی".

پێشتر رووسیا ئەو تۆمەتانەی رەتكردبوویەوە لەبارەی دەستوەردانی لە ھەڵبژاردنی ویلایەتە یەكگرتووەكان یان ھەر وڵاتێكی دیكە و جەختیشی كردبوویەوە لەوەی دەستی نەبووە لە ھێرشە سیبرانیەكان بۆ سەر ویلایەتە یەكگرتووەكان.

ھەروەھا مۆسكۆ گومانی خستبووە سەر راپۆرتی ئەڵمانی لە بارەی ژەھراویكردنی ناڤالینی لە ئابی رابردوو، جەختیشی كردبوویەوە لەوەی بەرلین ھیچ بەڵگەی پێشكەش نەكردووە، كە ئەم كارە بچەسپێنێت و پزیشكە رووسیاییەكان ھیچ شوێنەوارێكی ژەھریان لە نموونەكانی ناڤالینی نەدۆزیوه‌ته‌وه‌.

سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لە "پاداشت" دەكەن، كە لایەن رووسیاوە دراوە بەرامبەر بە كوشتنی سەربازانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان، ھەر ھەمان ئیدارە پێشتر رایگەیاندبوو، ھەواڵگری ئەمەریكا، ھیچ بەڵگەیەكی دەست نەكەوتووە لەم بارەیەوە.

سەرچاوە: "نۆڤۆستی"