ئاژانسی AM best: لەرووی سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ عێراق مەترسیدارترین وڵاتە

ئاژانسی ئەی ئێم بێستی ئەمریکی تایبەت بە پۆڵێنکردنی دڵنیایی بڵاویکردووەتەوە، عێراق لە رووی سیاسی و ئابووری و دارایی لە مەترسیدارترین وڵاتانی جیهانە.
به‌غدا
به‌غدا

K24 – هه‌ولێر:

ئاژانسی ئەی ئێم بێستی ئەمریکی تایبەت بە پۆڵێنکردنی دڵنیایی بڵاویکردووەتەوە، عێراق لە رووی سیاسی و ئابووری و دارایی لە مەترسیدارترین وڵاتانی جیهانە.

ئەو ئاژانسە لە راپۆرتێکی لە بارەی پلەی مەترسی 138 وڵات بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بە خزمەتگوزاری کۆمپانیاکانی بیمە دەکات کە تا چەند دەتوانن پابەندییەکانیان جێبەجێ بکەن، ئەوەش بە پشت بەستن توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی سەرجەم فاکتەرەکان کە بەشێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر کەرتی بیمە هەیە. لە رێگەیەوە پلەبەندی وڵاتان بە گوێرەی  مەترسییەکانیان دیاریکراوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: ئاستی عێراق لە پلەبەندی ئەو وڵاتانەیەکە بەرزترین مەترسییان لەسەرە کە بنەماکانی ئابووری و سیاسی و سیستەمی دارایی وەک پێوەر وەرگیراون.

لە راپۆرتی ئەو ئاژانسەدا هاوشانی عێراق، هەریەکە لە وڵاتانی میسر، لیبیا، جەزائیر، لوبنان و ئەسیۆپیا، کینیا و نێجیریا، لە لیستی ئەو وڵاتانەن کە مەترسییەکی گەورەیان لەسەرە.

لە هەمانکاتدا، لە راپۆرتەکە ئاماژە بەوەدراوە، داڕمانی نرخی نەوت لە 2020 شۆکێکی گەورە بوو بۆ وڵاتانی ناوچەکە، چونکە ژمارەیەکی زۆری ئابووری ئەو وڵاتانە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە هەناردەکردنی نەوت و گاز بەستووە.

لە راپۆرتەکە روونکراوەتەوە، گرژییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە ناوچەکە لە هەڵکشانەوە، بە تایبەت بودجەی هەندێک وڵات سنووردارە  لە توانایدا نییە پاکێجی هاندانی دارایی دابین بکات، بە جۆرێک وڵاتانی وەک سعوودیە و ئیمارات و کوێت و قەتەر دەتوانن لێکەوتەی کۆرۆنا لەسەر ئابوورییەکانیان تاڕادەیەک سنووردار بکەن، بەڵام وڵاتانی دیکەی وەک جەزائیر و تونس و لوبنان رووبەرێکی کەمتریان لەبەردەمە و ناتوانن بە گوێرەی پێویست مانۆڕی دارایی بکەن، بە تایبەت دۆخی لوبنان تایبەتە و سەقامگیری فەراهەم نییە.

هاوکات راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە، دراوی زۆربەی وڵاتانی ئەو ناوچەیە بە دۆلار پەیوەستکراون، ئەوەش توانای داراییانی لاواز کردووە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکە بکەن.

ئەوەی پەیوەستە بە عێراق لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئابووری عێراق گیرۆدەی نەبوونی هەمەچەشنی سەرچاوەکانی داهاتە، وڵاتەکە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە کەرتی نەوت دەبەستێت، داکەوتنی نرخی نەوتیش گوشارێکی گەورەی کردووەتە سەر داهاتی وڵات و کەرتی داراییەکەی، کورتهێنان بە رێژەی 16% -20% بۆ کۆی بەرهەمی ناوخۆ بەرزدەکاتەوە.

داڕێژەرانی ئەو راپۆرتە پێیان وایە، بەهۆی ناجێگری پەیوەندی سیاسی بەغدا لەگەڵ چەندی وڵاتی رۆژئاوایی، پێشبینی ناکرێت هاوکارییەکی ئەوتۆی عێراق بکرێت. بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بانکی ناوەندی عێراق، سندووقێکی بۆ هاوکاری دروستکردووە و توانیویەتی نزیکەی 37 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە.

لە راپۆرتی ئاژانسی AM best ـدا هاتووە، رێژەی هەڵاوسان لە مەودایەکی مامناوەندا خراپتر بێت، سەرەڕای ئەوەی خواست لە ناوخۆ کەمبووەتەوە و بەهای دیناری عێراقی دابەزیوە و رێژەی هەڵاوسان لە ئاستی 1% لە 2020 سەقامگیر بووە.

ئەوەی پەیوەستە بە مەترسییەکانی سیاسی راپۆرتی ئاژانسی AM best ئاماژەی بەوەداوە، لەگەڵ بەردەوامی پەتای کۆرۆنا سەقامگیری حکوومی لە ژێر گوشاردایە، و دەشڵێت، مەترسییەکان و بە تایبەت ئەوەی پەیوەستە بە دابینکردنی مووچە لەهەڵکشانە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کابینەکەی مستەفا کازمی نەیتوانییوە وەک پێویست داهاتەکان کۆبکاتەوە.

جەختیش لەوەدەکاتەوە، گەندەڵی لە ئاستێکی فراوان فاکتەرێکی گرنگە و بە گوێرەی راپۆرتی دەستەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی عێراق لە پلەبەندی 162ـەمین دایە لە کۆی 198 وڵات.

هەروەها لە رووی مەترسییەکانی پەیوەست بە هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر بنکە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، لە لایەن ملیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی، ئەو راپۆرتە ئەمریکییە روونیکردووەتەوە، هەڕەشەکان زیادیکردووە و پێشبینی دەکەن، رێکخراوی داعش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بقۆزێتەوە، هێرشەکانی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و پێگەکانی وزە لە عێراق فراوانتر بکات.

هەروەها ئەو ئاژانسە پێیوایە، سیستەمی دارایی عێراق بە دەست مەترسی گەورەوە دەناڵێنێت، و ئاماژە بەوەدەکات، بانکی ناوەندی هەوڵ بۆ فەراهەمکردنی سەقامگیری ئابووری دەدات ئەوەش لە رێگەی پارەدارکردن و پاڵپشتی کردنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان.

لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی راپۆرتێکی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی، عێراق پێویستەی بە ستراتیژییەکی یەکلاکەرەوە هەیە بۆ ئەوەی چاکسازی لە بانکە گەورەکانی سەر بە حکوومەت بکات و بابەتەکانی پەیوەست بە کەرتی دارایی چارەسەر بکات، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە پەرە بە کەرتی تایبەت بدات و سەقامگیری دارایی دروست بێت.