پارتێكی توركمانی ئاماژە بە پێشێلكارییەكان دەكات لە كەركووك

K24 – ھەولێر:
عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمان، ئەمڕۆ ھەینی، جەختیكردەوە لە كۆمەڵێك پێوەر بۆ سەركەوتنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە پارێزگای كەركووك.
كەركووك تاكە پارێزگایە لە عێراق لە پرسی ھەڵبژاردنەكاندا مشتومڕ و ناكۆكی لێدەكەوێتەوە، بەھۆی گرنگی و ململانێكانی لەسەری.
كورد، راكان جبووری پارێزگاری شارهكه تۆمەتبار دەكات بە رێكخستنی ھەڵمەتەكانی بەعەرەبكردن لەو پارێزگایە، كە ھاوشێوەی ھەڵمەتەكانی رژێمی پێشووی بەعس و سەدام حوسێنە. مەبەست لە بە عەرەبكردن پەراوێزخستن و بە زۆر دەركردنی كوردە و گۆڕینی دۆخی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و سیاسیی كورده بۆ بەرژەوەندی عەرەب.
عیرفان كەركووكی سەرۆكی پارتی گەلی توركمان بە شەفەق نیۆزی گوت: "گەڕانەوەی متمانە بۆ كەركووكییەكان بنەمایەكی سەرەكیی سەركەوتنی ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختەیە".
كەركووكی گوتیشی: "پارێزگای كەركووك پێویستی بە ئاساییكردنەوەی رەوشەكەیە لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا، وەك ئەوەی لە شنگار روویدا، بەپێچەوانەی ئەمەش یەك لایەن ھەموو شتەكان بۆ بەرژەوەندی خۆی دەقۆزتەوە، بەتایبەتی دوای ئەنجامدانی ئەو ھەڵمەتانەی بەعەربكردنی كە لە دوای رووداوەكانی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەرەوە ھاتووەتە ئاراوە.
عیرفان كەركووكی روونیكردەوە "بۆ خۆئامادەكرن بۆ ھەڵبژاردنی ئەو كاتە، پێویستە، پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی گەلی توركمان بارەگاكانیان لە دەست ھێزەكانی عێراقی و حەشدی شەعبی بگەڕێننەوە، تەنانەت خانووەكەی خۆمیش لە لایەن چەكدارانی عەسایب ئەھلولھەق و بزووتنەوەی نوجەبا داگیركراوە. دوامان لە كازمی كردووە، دەستوەردان بكات لەو پێشێلكارییانەی دەكرێت بەرامبەر بە مافەكانی ھاووڵاتی كەركووكی".
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رێكەوتی 10/10/2021 دەستنیشانكردووە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی پێشوەختە.
پرسی ھەڵبژاردن لە كەركووك بەردەوام دۆسیەیهكی پڕ لە ناكۆكی سیاسی بووە، بەھۆی ئەو ململانێیەی لایەنە دەركییەكان پێش ناوخۆییەكان دەیكەن بەھۆی دەوڵەمەندی شارەكە بە نەوت و دەیانەوێت نەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی كورد، ھەرچەندە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی پارێزگاكە كوردن.