نانسی پێلۆسی: هەفتەی داهاتوو دەست بە تاوتوێکردنی پاکێجی هاندانی دارایی دەکەین

پێلۆسی: ئامادەین بۆ تاوتوێکردنی پلانی پاکێجی هاندان، کە قەبارەکەی ترلیۆنێک و 900 ملیار دۆلارە
نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا
نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا

K24 – ھەولێر:

نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لیژنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەست بە تاوتوێکردنی پلانی پاکێجی هاندانی دارایی دەکەن، کە لە لایەن جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكاوە پێشنیازکراوە.

پیلۆسی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئامادەین بۆ تاوتوێکردنی پلانی پاکێجی هاندان، کە قەبارەکەی ترلیۆنێک و 900 ملیار دۆلارە، بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا بکەن.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی کار لەسەر ئەو دۆسیەیانە دەکەن، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەران تاوەکو سەرەتای مانگی شوباتی داهاتوو لەسەری کۆنابێتەوە، بەڵام لیژنەکان کارەکانی خۆیان ئەنجامدەدەن".

ئەمە لە کاتێکدایە، جۆ بایدەن لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەك‌ سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، پێشنیازێکی دابینکردنی پاکێجێکی هاندانی دارایی هەبوو کە قەبارەکەی ترلیۆنێک و 900 ملیار دۆلار بوو و ئامانج لێی هاوکاریکردنی ئەو کەسانەیە، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە زیانیان بەرکەوتووە.