مسته‌فا كازمی: داعش هه‌وڵه‌كانی بۆ گه‌یشتن به به‌غدا چڕ كردووه‌ته‌وه

K24- هه‌ولێر:
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دووپاتیكرده‌وه، هه‌وڵێكی رۆژانه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی رێكخراوی داعش بۆ گه‌یشتن به به‌غدا هاتووه‌ته ئاراوه، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه رووبه‌ڕووی شكست ده‌بنه‌وه.
ئه‌م گوتانه‌ی كازمی له‌میانه‌ی دانیشتنێكی نائاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیدا هاتوون و گوتی: "ئه‌وه‌ی دوێنێ روویدا پێشێلكارییه و رێگه به دووباره‌بوونه‌وه‌ی ناده‌ین، به‌ڵێنی ئاساییشمان به گه‌له‌كه‌مان داوه، ئه‌و پێشێلكارییه‌ش به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یه و پێویسته په‌له له چاره‌سه‌ركردنی بكرێت"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دوێنێی شاری به‌غدا، كه به‌هۆیه‌وه 32 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 110ی دیكه‌ش بریندار بوون.
كازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له چه‌ند مانگی رابردوودا ده‌زگا ئه‌منییه‌كانمان هه‌وڵێكی گه‌وره‌یان داوه و كرده‌ی سه‌ربازی گه‌وره‌شیان له دژی چه‌كدارانی داعش ئه‌نجامداوه و زۆربه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان سه‌ركه‌وتوو بوون، هه‌وره‌ها هه‌وڵێكی رۆژانه‌ش له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه بۆ گه‌یشتن به به‌غدا له ئارادایه، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانمانه‌وه رووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه، جێگای داخه كه دوێنێ توانییان خوێنی زۆر كه‌سی بێ‌تاوان بڕێژن و رێگه به دووباره‌بوونه‌وه‌ی پێشێلكارییه ئه‌منییه‌كان ناده‌ین".
كازمی له به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا گوتی: "چه‌ندین كێشه و ئالنگاری له ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كاندا هه‌ن، كه پێویسته به‌په‌له چاره‌سه‌ر بكرێن و خۆم راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و بابه‌ته ده‌كه‌م، بۆیه دۆخێكی نوێ ده‌سه‌پێنین و رێكاری به‌په‌له ده‌گرینه‌به‌ر".
H.B