سەرئێشەیەکی دیکە بۆ بایدن.. رێککەوتنی نەوتیی عێراق و چین

"رووسیا و چین راستەوخۆ لەسەر دابەشکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکەن، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە کردەیی ناوچەکەی جێهێشت"
وێنەیەکی ئەرشیڤیی جۆو بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، وێنە: CC BY-ND Center for American Progress, Flickr
وێنەیەکی ئەرشیڤیی جۆو بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، وێنە: CC BY-ND Center for American Progress, Flickr

K24 - هەولێر

بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئۆیڵ پرایس، رێككه‌وتنی نه‌وتی عێراق لەگەڵ رووسیا و چین سەرئێشەیەکی دیکە دەبێت بۆ ئیدارەی نوێی سەرۆکی ئەمەریکا.

لە راپۆرتەکەی ئۆیڵ پرایسدا هاتووە، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمریکا، کڕینی نەوتی عێراقە بە گرێبەستی پێدانی پارەی پێشوەختە لەلایەن چینەوە، کە ماوەکەی پێنج ساڵە و لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمپانیای ژێنهوا ئۆیلی چینی واژۆکراوە.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، یەکێک له‌ پلانه‌كان ئه‌و جووڵه‌ سیاسییه‌ی رووسیایە، کە له‌ رێگه‌ی گرێبه‌سێتك له‌ 2017 له‌گه‌ڵ هەرێمی کوردستان كردوویه‌تی. ئەوەش بە روونی بە واتای ئەوە دێت؛ رووسیا و چین راستەوخۆ لەسەر دابەشکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکەن، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە کردەیی ناوچەکەی جێهێشت.

سێیەم ئاڵنگاری بۆ بایدن ئەوەیە: چین دەیەوێت تاقیبکاتەوە، ئاخۆ بەرژەوەندی ئابووری یان ئەمنی زیاتر لەبەرچاو ده‌گرێت، لەکاتێدا ترەمپ هەمیشە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی لەبەرچاو دەگرت. بۆیە چین دەیەوێت هەڵوێستی بایدن لەسەر کڕینی نەوتی عێراق لەلایەن کۆمپانیای ژێنهوا ئۆیڵەوە تاقیبکاتەوە.

ئەو رێککەوتنەی چین لەگەڵ عێراق، وەک خاڵی بەراورد لەگەڵ رێککەوتنی کۆمپانیای رووسنەفتی رووسی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دادەنرێت، چونکە کۆمپانیا روسنەفتی رووسی نزیک لە کریملین بە کردەیی لە ساڵی 2017ـەوە رێککەوتنی نەوتیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە، رێککەوتنەکەش خۆی لە سێ مانۆڕی گەورە دەبینێتەوە:

یەکەم: رووسیا لە 2017 ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلاری وەک گرێبەستی کڕینی نەوتی پێشوەختە پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

دووەم: ئەو گرێبەستە 80% بەرژەوەندی کاری بۆ پێنج بلۆکی نەوتی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووسیا دەسته‌بەرکرد، سەرەڕای هاوکاری تەکنیکی و تەکنەلۆژی و دابینکردنی پێداویستی.

سێیەم: خاوەنداری 60%ـی هێڵی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهان لە تورکیا، کە قەبارەی وەبەرهێنانەکە 1.8 ملیار دۆلارە.