عێراق بۆ کڕینی پێکوتەی فایزەر رێککەوتن دەکات

"پێکوتەی فایزەر لە بازاڕەکانی جیهان متمانە پێکراوترە"
فایزەر
فایزەر

K24 – ھەولێر

تەندروستی عێراق ئاشكرای دەكات، سەركەوتوو بوونە لە دانووستان لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر بۆ كڕینی ڤاكسین.

ریاز حلفی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی سەرکەوتوو بووە لە دانوستاندنەكان لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر بۆ کڕینی پێکوتەکانی، بۆ ئەوەی نرخی هەر دانەیەکی بە کەمتر لە 20 دۆلاری دەستبکەوێت.

ریاز حلفی، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقیە رایگەیاندووە، چەند هەفتەیەکە وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین دەستی بە دانوستان کردووە.

روونیشی دەکاتەوە، بەهۆی زۆری خواستەوە گوشار لەسەر کۆمپانیاکان دروستبووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێکوتەی فایزەر لە بازاڕەکانی جیهان متمانە پێکراوترە و نرخەکەی لەلایەن رێکخراوی یونیسێفەوە لە دەوروبەری 20 دۆلار دیاریکراوە.

ئەو بەڕێوەبەرەی وەزارەتی تەندروستی عێراق راشیگەیاند، عێراق لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە لە دانوستاند دایە، بڕیارە بۆ کڕینی هەر پێکوتەیەک بە کەمتر لە 20 دۆلار گرێبەست ئەنجامبدات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆمپانیاکان چاوەڕوان بوون عێراق پێکوتەکان پەسەند بکات، کە بەم دواییە پەسەندی کرد، بۆیە وەزارەتی تەندروستی لە رێگەی رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە دەستی بە دانوستاندنەكان کردووە، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا پێکوتەی دەستبکەوێت.