شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

وەزیری نەوت: زۆر گرنگە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رادەست بکرێت
وێنەیەکی ئەرشیڤیی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان. وێنە: پەیجی فەرمیی قوباد تاڵەبانی لە فەیسبووک
وێنەیەکی ئەرشیڤیی شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان. وێنە: پەیجی فەرمیی قوباد تاڵەبانی لە فەیسبووک

K24 - هەولێر

بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی بودجە و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەبودجەی عێراق، سبەی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا.

پرۆژەبودجەی ساڵی 2021ـی عێراق 164 تریلیۆن دینارە، پشکی هەرێمی کوردستان لەو پرۆژەبودجەیە دەگاتە نزیکەی 14 تریلیۆن دینار.

ئیدارەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردبووەوە، کاتژمێر 04:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە، 23-1-2021) شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە شاندێکی تەکنیکی و شاندێکی حکومیی باڵا پیکهاتووە، لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆدەبنەوە، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە دواخراوە بۆ سبەی.

شاندی باڵای حکومەت کە سبەی دەچنە بەغدا پێکهاتوون لە:

- ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی
- دارا رەشید، وەزیری پلاندانان
- خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا
- ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی رابردوو سەرۆکایەتیی شاندەکەی دەکرد بۆ بەغدا، ئەمجارەیان بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا لەگەڵ شاندەکە نابێت.

ماوەی 15 رۆژە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان دەستی بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە کردووە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، تاوەکو بەگوتەی خۆیان خواستنی هەمووان بە یەکسانی لەنێو پرۆژە بودجەی عێراق جێبکەنەوە.

ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوو کۆبوونەوە دەکات، یەکێکیان لەگەڵ بازرگانان و خەڵکانی ئەکادیمی، هەروەها کۆبوونەوەی دووەمی لەگەڵ پارێزگارەکانی عێراقە، چاوەڕوان دەکرێت ئەو کۆبوونەوانە درێژخایەنبن، بۆیە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بۆ سبەی ئێوارە کاتژمێر 07:00 دواخستووە.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، دەڵێ: بەشێکی زۆری ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەن، پرۆژەبودجەی عێراق کە بە 164 تریلیۆن دیاریکراوە، لە 120 تاوەکو 130 تریلیۆن زیاتر نەبێت لەم حاڵەتەشدا، پشکی هەرێمی کوردستان کەمدەبێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە، لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیری نەوت کۆبوونەوە. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند لیژنەی دارایی بە وەزارەتی نەوتی گوتووە پێویستە رێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتاییان پێبێت و بەشێوازێک بێت، کە داخوازییەکانی هەردوولای تێدا جێگیر بکرێت.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوت بەگوتەی ئەحمەد سەفار لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رادەست بکرێت، زۆر باش دەبێت.

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندجارێک جەختی کردووەتەوە لەوەی ئامادەیە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەستی بەغدا بکات، بەو پێیەی لەسەری رێککەوتوون، بۆ ئەوەی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021ـی عێراق مسۆگەر بێت.

شڤان جەباری، ئاماژە بەوە دەکات ئێستا دوو قسەی جیاواز هەیە: لیژنەی دارایی ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە هەرێمی کوردستان داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ رادەستی وەزارەتی نەوەت بکات، لە بەرامبەریشدا هەرێمی کوردستان دەیەوێت 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوت بکات و کۆمپانیای سۆمۆ بەهەر نرخێک دەیەوێت، بیفرۆشێت، هەموو ئەم قسانەش بڕیارە سبەی لە کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دانوستانیان لەسەر بکرێت.