زانیاری لەبارەی ھێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ئاشكرا دەكرێت

شانەی راگەیاندنی ئەمنی: دوو مووشەک لە ئاسمان تەقێندرانەوە
شوێنەواری ئەو مووشەكەی بەر ماڵی ھاووڵاتییەك كەوتەوە
شوێنەواری ئەو مووشەكەی بەر ماڵی ھاووڵاتییەك كەوتەوە

K24 - ھەولێر

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر فڕۆکەخانەی بەغدا بڵاوکردەوەو ئاشكرای كرد، مووشەكێك بە خانووی ھاووڵاتییەك كەوتووە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكرد "درەنگانی شەوی رابردوو، لە رێگەی سێ مووشەکەوە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرایە ئامانج و دوو مووشەک لە ئاسمان تەقێندرانەوە و سێیەمییان بەسەر خانووی هاووڵاتییەک، لە گەڕەکی جیهاد کەوتە خوارەوە، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتەوە".

پێشتر چەند سەرچاوەیەكی عێراقی بڵاویان كردەوە، هێرشەکە لە رێگەی چوار مووشەکەوە بووە و لەلایەن سیستمی بەرگری سی رام، لە بنکەی سەربازی ڤیکتۆری ئەمەریکا، کە لەنزیک فڕۆکەخانەیە تێکشکێنراون.