لە گەرمیان بەچاودێری ھاوپەیمانان ئۆپراسیۆن دژی چەکدارانی داعش ئەنجامدەدرێت

"پێش ھێرشەكە ھێزێكی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان چاودێری چەكدارانی داعشیان كردووە"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – گەرمیان

بە چاودێری ھێزەكانی ھاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێك لە گەرمیان دژی چەكدارانی داعش ئەنجامدرا.

پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "ئەمڕۆ 2021/1/23 ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە رێگەی فڕۆکەی بێفرۆکەوان، ھێرشیان كردە سەر حەشارگەیەکی چەکدارانی داعشیان لە سنووری  نێوان کفری و خورماتوو لە چیای غەرە".

سەرچاوەیەک لە ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەی داودە بە کوردستان24 گوت: "ماوەی  سێ رۆژە هێزێکی فەرەنسی و کۆماندۆی پێشمەرگە لە سنووری ناوچەی داودەن لە رۆژهەڵاتی خورماتوو بە مەبەستی چاودێریكردنی چەکدارانی داعش".

گوتیشی: "زانیاریمان پێگەشتووە دوو چەکداری داعش بەھۆی بوردوومانەکەوە کوژراون. ھەروەھا ژمارەیەك چەکداری داعش پێش ئۆپراسیۆنەكە بە چوار ئۆتۆمبێل و چەند ماتۆڕسکیل بەرەو ناوچەی حەمرین ھەڵاتوون".

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، بەھۆی بۆشایی ئەمنی و نەمانی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان ھێرشی و كردەوەكانی داعش زیادیكردووە، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە و توندوتۆڵكردنی سەنگەرەكان وەزارەتی پێشمەرگە دانوستانی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق دەستپێكردووە، پێشنیازی ئەوەكراوە لە چەند شوێنێك بازگە و بنكەی ھاوبەش ھەبێت، بۆ ئەوەی رێگری لە ھێرشەكانی داعش بكەن.