دەمیرتاش: ئەكەپە ئەوەی لە دەستی ھاتووە بەرامبەر ئێمە كردوویەتی

بۆ دەستگیركردنی كامەران یوكسەكداغ كۆنگرەی كۆبوونەوە
kurdistan24.net

K24 - ئامەد

لە بەرامبەر دەستگیركردنی كامەران یوكسەكداغ، ھاوسەرۆكی پارتی ھەرێمەكانی دیموكرات (بەدەپە) لە لایەن حكوومەتی توركیا، لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی(ھەدەپە) و لەیلا گوڤەن، ھاوسەرۆكی (كەجەدە) نیگەرانی خۆیان راگەیاند و داوایان لە بەرپرسانی توركیا كرد كامەران یوكسەكداغ ئازاد بكەن.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا لەیلا گوڤەن ھاوسەرۆكی كەجەدە  گوتی: "ھیچ ئازادی لەم وڵاتە نییە، ئەو كاتەی ناتوانن لە بەرامبەر بۆچوون و روانینی كەسێك بوەستنەوە ھەڵدەكوتنەسەر و دەستگیری دەكەن، ئەوەی دەیكەن تازە نییە، بەڵكو چەندین ساڵە ئەندامانی پارتە سیاسییەكان دەستگیر دەكرێن، تا دێت فشار بۆ سەر پارتە سیاسییەكان زیاتر دەبێت، ئێمە زوڵم و بێ یاسایی قبوڵ ناكەین".

گوتیشی: "دەستگیركردنی كامەران یوكسەكداغ و ھەموو زیندانیان شەرمەزار دەكەین، لێرەوە داوا دەكەین ھاوسەرۆكی ئێمە ئازاد بكەن".

لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی ھەدەپە گوتی: "لە توركیا كار و خەباتی سیاسی بە ھیچ جۆرێك ئازاد نییە وەك ساڵانی نەوەكان قەدەغەیە، ئەو فشار و ناھەقیەی حكوومەتی توركیا بۆ سەر ئێمە ئێستا نییە، بەڵكو چەندین ساڵە بەردەوامە، بۆ ئەوەی سیاسەت نەكەین پارتی داد و گەشەپێدان (ئەكەپە) و حكوومەتەكەی و حكوومەتەكانی پێشتریش ئەوەی لە دەستیان ھاتووە بەرامبەر بە ئێمە كردوویانە".

دەمیرتاش ئەوەشی خستەڕوو: "ئێمە بە خەبات و تێكۆشان گەیشتوینەتە ئێستا ئەوەی ھەمانە ئێستا ئەكەپە بە دیاری بە ئێمەی نەداوە، ئەكەپە ئەو كارە نا دەستووریانەی بەرامبەر بە خەڵك ئەنجامی دەدات، لە ھەمانكاتدا بەرامبەر بە ساسییەكانیش ئەنجامی دەدات".

دوێنی كامەران یوكسەكداغ، ھاوسەرۆكی پارتی ھەرێمەكانی دیموكرات (بەدەپە) لە لایەن حكوومەتی توركیادەستگیر كرا، ئەمەش نیگەرانی ژمارەیەك لە پارتە سیاسییەكانی باكووری كوردستانی لێكەوتەوە.