ئیدارەی بایدن یەكەم وڵامی ئێران دەداتەوە

"بەردەوام دەبین لەگەڵ دۆستانمان و ھاوبەشانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەژموونی پیسی ئێران"
رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامەنەئی
رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامەنەئی

K24 – ھەولێر:

ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن سەركۆنەی ئه‌و لێدوانه‌ی رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامەنەئی كرد، كه‌ بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی كوشتنی فەرمانداری پێشووی فەیلەقی قودسی پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانیی دابوو.

گوتەبێژ بە ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی سەر بە كۆشكی سپی لە ئیدارەی بایدن، ئیمێلی ھۆرن گوتی: "ئەم جۆرە ھەڕەشانە لە لایەن ئێرانەوە قەبوڵكراو نین".

لە میانی وڵامدانەوەی داوای بەدواداچوون لەم بابەتە، ھۆرن گوتیشی: "بەتوندی سەركۆنەی ئەم رەفتارە ھەراسانكاریە دەكەین و بەردەوام دەبین لەگەڵ دۆستانمان و ھاوبەشانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەژموونی پیسی ئێران".

پێگەی ئەلیكترۆنی سەركردەی باڵای ئێران، وێنەیەكی یاریزانێكی گۆلفی بڵاوكردبوویەوە، كە لە سەرۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد ترەمپ دەچوو، وەك دیاربوو فڕۆەكەیەكی بێفڕۆكەوان دەیكردە ئامانج. ھاوپێچ لەگەڵ وێنەكە، ھەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی كوشتنی سولەیمانی لە خۆ گرتبوو، كە لە ھێرشێكی ئەمەریكادا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ساڵی رابردوو لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە بڕیاری ترەمپ كوژرا.

وێنەكە یەكەم جار لە تویتێكدا ھات لەسەر ھەژمارێك لەتۆڕی تویتەر بە زمانی فارسی، كە بەسته‌رێكی پێگەی خامەنەئی تێیدا بڵاوكراوەتەوە.

لە ژێر وێنە بڵاوكراوەكە، لەو پێگە ئەلیكترۆنییە، لێدوانەكانی خامەنەئی لە كانوونی یەكەمی رابردوو پێش یادی یەك ساڵەی كوشتنی سولەیمانی لەخۆ گرتبوو.

سەرچاوە: "رويتەرز"