گرنگی سه‌ردانی شاندی حكومه‌ت بۆ به‌غدا

هه‌وڵی جێگیركردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا ده‌درێت
سوبەی شاندێكی ھەرێم سەردانی بەغدا دەكات
سوبەی شاندێكی ھەرێم سەردانی بەغدا دەكات

K24 – ھەولێر:

چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی ئابووری سەردانی شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و بوونی ئەو شاندە لە كاتی گفتوگۆكانی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بە گرنگ دەزانن، بۆ ئەوەی ھەوڵی ئەوە بدەن دەقی ئەو بڕگەیەی، كە پەیوەندی بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت.

حكومەتی ھەرێمی كوردستان نایەوێت لە گفتوگۆكانی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق داببڕێت، بە پێچەوانەوە دەیەوێت لەڕێی شاندێكەوە لە بەغدا ئامادەیی ھەبێت، بە مەبەستی مسۆگەركردنی پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا.

شەماڵ نووری، شارەزای ئابووریش گوتی: گرنگە ئەم شاندە لە بەغدا ئامادەیی ھەبێت تا ئەوكاتەی یاسایەكە دەردەچێت.

سەردانی ئەم شاندەی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لە كاتێكدایە، كە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پڕۆژەیاسایەكە لە گفتوگۆدایە، جگە لەوە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان چوونی شاندێكی سیاسی ھەرێمیش بۆ بەغدا بە پێویست دەزانن، وەك پاڵپشتییەكی سیاسی بۆ حكومەتی ھەرێمی كوردستان.

بەپێی رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا، بە رێژه‌ی (12.67%) جێگیركراوە، ھەوڵی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئەوەیە ئەم بڕگەیە وەكو خۆی لە یاسایەكە تێپەڕێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، كە ھەوڵەكان بێ بەربەست بن.