به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌

سەربەست مستەفا: دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن لەلایەن کازمی کارێکی نادەستوورییە
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

K24 – ھەولێر:

کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، داوا لە ھاووڵاتیان دەکات پەلە بکەن لە نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری و ھەر بەو ھۆکارەوە ئەنجومەنی وەزیران ھەڵبژاردنی پێشوەختەی بۆ 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دواخست، بەڵام سەرۆکی پێشووی ئه‌و کۆمسیۆنه‌، رەخنە لە ئەنجومەنی وەزیران دەگرێت، کە بە پێی مادەی 64ی دەستور پێشێلكارییان کردووە.

ئه‌گەرچی بەشی ھەرە زۆری لایەنە سیاسیەکانی عێراق، پاڵپشتی تەواوی خۆیان دەربڕی بوو بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، بەڵام دواجار درێژکردنەوەی ماوەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ 10ی ئۆکتۆبەری 2021، بە گوتەی حەسەن نازم. گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە سەر داوای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بووە، ئەنجومەنی وەزیرانیش بە کۆی دەنگ بریاڕیان لە سەری داوە، ھۆکارەکەشی بۆ ئامادەسازیە لە رووی تەکنیکی و نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری، کە تا ئێستا زیاتر لە 10 ملیۆن دەنگدەر ئەو کارتەیان نوێ نەکردووەتەوە.

حەسەن نازم گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی: "داواکارییەکە لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران هات و پاشان بە وردی تاوتۆێ کرا، دەنگی لە سەر درا؛ بەڵام کۆمسیۆن داوایکرد کە 16ی ئوکتۆبەر بێت و ئێمەش خستمانە 10ی ئۆکتۆبەر، دیارە ئەوان لە بەر چەند ھۆکارێک ئەم داواکاریەیان خستە بەردەم ئێمە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان زیاتر بەدەم کارەکانی کۆمسیۆنەوە بچن و کارەتەکانیان نوێ بکەنەوە".

بە پێی ماددەی 64ی دەستوری عێراق، مەرجی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، خۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە لە سەر داوای سەرۆک کۆمار و پاشان دەبێت ھەر سەرۆک کۆمار لە ماوەی 60 رۆژدا، کاتی ھەڵبژاردن دیاری بکات، سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش ئەو رەخنەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەگرێت، کە رۆڵیان نەھێشتوەتەوە بۆ سەرۆک کۆمار تا بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدات و کاتی ھەڵبژاردن دەستنیشان بکات.

سەربەست موستەفا، سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی: "ھەڵبژاردنی پێشوەخت و ھەموارکردنەوەی یاساکەشی لە ژێر گوشاری خۆپیشاندانەکانی تشرینی یه‌كه‌می 2019ی بەغدا و شارەکانی خوارووی عێراق بووه‌، بەڵام ئێستا کە خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێ ھێنراوە و بۆ چەند جار دواخستنی ئەو ھەڵبژاردنەی پێشوەختە خەریکە دیسانەوە توڕەیی شەقام بەدوای خۆیدا دەھێنێت.