بانکی جیهان هۆشداری لە لەناوچوونی بەرهەمی ناوخۆیی عێراق دەدات

بەرهەمی كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

كەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بووەتە مەترسی لەسەر عێراقییەكان و بەگوێرەی راپۆرتێكی بانكی جیھانی 9.5% بەرھەمی ناوخۆیی  كەمیكردووە، لەھەمان راپۆرتەدا هاتووە، لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەیە و دەیان بەرهەمی كشتوكاڵی گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و پیشەسازی لە ئاستێکی باشدایە.

حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەسەر چەندین ھێڵ كارمان كردووە، بۆ ئەوەی بتوانین گەشە بە بەرھەمی ناوخۆ بدەین، لە ھەمانكاتدا چۆن بازاڕی بۆ بدۆزینەوە، ئەو سیاسەتەی كە دامانناوە بۆ بە بازاڕكردنی بەرھەمی ناوخۆ لە رێگەی قەدەغەكردنی بەرھەمی ھاوردە و دانانی باج، توانیومانە ئاستی بەرھەمی ناوخۆ بەرزبكەینەوە".

گوتیشی: "بەپێی بەرھەم و بەرژەوەندی جوتیاران گۆڕانكاریمان لە سیاسەتی خۆمان كردووە، كە بچێتە خانەی زیادكردنی بەرھەمی ناوخۆ و ھاندانی جوتیاران".

ئابووریناسان پلانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆيی و بەبازاڕکردنی بە گرنگ وەسف دەکەن. پێشیان وایە تا ئێستا حکومەت لەو پلانەی دایناوە سەرەڕای قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرکەوتوو بووە.

لە ساڵی 2020دا حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرەدان بە کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی ئاسایشی خۆراک چەندین پڕۆژەی گرنگی دەستپێکرد، لەوانە دروستکردنی  زیاتر لە 12 سایلۆ  و دانانى پلانی 11 ناوچەی پیشەسازی خۆراک، کە ئێستا ھەندێکیان لە بواری جێبەجێ کردندان، وێڕاى دەستپێکردنی پڕۆژەی بەبازاڕ کردنی گەنمی جوتیاران کە ئێستا قۆناغێکی باشی بڕیوە، لەگەڵ پێگەيشتی بەرھەمە ناوخۆییەکانيشدا بە درێژايی ساڵ  وەزارەتی كشتوکاڵ هاوردەى ٩ جۆر بەرھەمی  میوە و سەوزەواتى قەدەغە کرد، ھەموو ئەم پلان و پڕۆژانە بەرھەمی ناوخۆیان گەیاندە قۆناغێکی باشی خۆبژێوى. بە پێچەوانەوە حكومەتى عێراق ھیچ پڕۆژە و بەرنامەیەکی لەم شێوەیەى لە بواری کشتوکاڵ و پاراستنی بەرھەمی ناوخۆدا ئەنجام نەداوە.