قەیرانی دارایی و کۆرۆنا 35 هەزار کۆمپانیا لە تورکیا مایەپووچ دەکات

" 700 ھەزار كارمەند بێ كار دەمێننەوە"
دیمەنێكی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئیستانبۆڵ
دیمەنێكی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئیستانبۆڵ

K24 - ھەولێر

مایەپووبوون و كەڵەكەبوونی قەرزی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە توركیا رۆژ بە رۆژ لە زیادبوونە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی كۆمەڵەی وەبەرھێنەران و بەڕێوەبەرانی رێستۆرانتەكان لە توركیا، بەھۆی قەیرانی ئابووری و لێكەوتەكانی كۆرۆنا، زیانێكی زۆر بەرۆكی ئەو كۆمپانیانەی گرتووە كە لە  كەرتی گەشتیاریدا كاردەكەن، بەجۆرێك پێشبینی دەكرێت 35 ھەزار كۆمپانیا لەو كەرتە مایەپووچ بن، ئەوەش بەو مانایەیە كە 700 ھەزار كارمەند بێ كار دەمێننەوە.

لەراپۆرتەكەدا ھاتووە، بەھۆی ئەو دۆخەی كە ئێستا لە توركیا ھەیە، چاوەڕێدەكرێت بڕی زیانەكان بگاتە 47 ملیار لیرەی توركی، داواش لە حكومەت كراوە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كارەكانی لەو كەرتە، لە شەش مانگی سەرەتادا كۆمپانیاكان لە پێدانی باج ببەخشرێن.

ئەوە لە كاتێكدایە، پشكی كۆمپانیاكانی گەشتیاری لە ئابووری توركیا دەگاتە 70 ملیار لیرە و حەوت ھەزار كۆمپانیا لە كەرتەكەدا میكانیزمی قەرزەكانیان رێكخستەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕێ دەكرێت بەھۆی زیانەكانی دۆخی ئابووری و لێكەوتە نەرێنییەكانی كۆرۆناوە، نەتوانن قەرزەكانیان بدەنەوە.