تورکیا لە ناوخۆ ڤاکسینی سپۆتینکی رووسی بەرهەمدەهێنێت

"گرێبەست لەگەڵ رووسیا واژۆ كراوە"
ڤاكسین
ڤاكسین

K24 - ھەولێر

دەسەڵاتدارانی تورکیا ئاشکرایان کردووە، گرێبەست لەنێوان یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی تایبەت بە دروستکردنی دەرمان و ڤاکسین لەگەڵ سندووقی وەبەرهێنانی راستەوخۆی رووسیا واژۆ کراوە، بۆ ئەوەی پێکوتەی سپۆتنیک لە تورکیا بەرهەمبهێندرێت.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، قەبارەی بەرهەمهێنان ساڵانە ملیۆنان ژەمی پێکوتەی سپۆتنیک ڤی دەبێت، کە ناوەندی گامالیا لە رووسیا پەرەی پێداوە، هەروەها لەبارەی فراوانکردنی ئاستی بەرهەمهێنان گفتوگۆ لەنێوان هەردوو وڵات بەردەوامە، بە جۆرێک ڤاکسینەکە بازاڕی ناوخۆ پڕبکاتەوە و هەناردەی چەندین وڵاتی دیکە بکرێت.

کێریل دیمیتریڤ، سەرۆکی سندووقی رووسیا بۆ وەبەرهێنانی راستەوخۆ رایگەیاندبوو، لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە وڵاتەکەی ملیۆنان ژەمی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستدەکات.

هەفتەی رابردووش، ئەلێکسی یەرخۆڤ باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە، لەگەڵ شاندێکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا کۆبووەوە، تاوتوێی زانیارییەکانیان لە بارەی پێکووتەی سپۆتنیک کرد.

ئەمە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا دوو پێکوتەی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە رووسیا تۆمارکراون، ئەوانیش بریتین لە سپۆتنیک و ئیپیڤاک کۆرۆنا، کە لە لایەن ناوەندی ڤیکتۆر پەرەیان پێدراوە و توێژینەوەکان بەردەوامن بۆ تۆمارکردنی سێیەم ڤاکسین.