نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا گەیشتووەتە چوار شاری باکووری کوردستان

سێ کەسی گوندێک تووشبوون، کە سەردانی دەرەوەی وڵاتیان نەکردووە
دیمەنێکی دیاربەکر
دیمەنێکی دیاربەکر

K24 - هەولێر

سێ کەسی دیکە لە ناوچەی لجێی دیاربەکر تووشی نەوە نەوێیەکەی کۆرۆنا بوون، بەمەش تووشبوون بەوجۆرە ڤایرۆسە تائێستا لە چوار شاری باکووری کوردستان تۆمارکراوە.

ماهر یوکسەل، پەیامنێری کوردستان24 لە دیاربەکر رایگەیاند، سێ حاڵەتی تووشبوون بە نەوە نوییەکەی کۆرۆنا لە گوندی دیلێ لە ناوچی لجێ تۆمارکراون، ئەو سێ کەسە ئەندامی یەک ماڵباتن و بەو هۆیەوە گوندەکەیان بەتەواوەتی کەرەنتینە کراوە.

ئەو سێ کەسە، تێکەڵی کەسی دیکە نەبوون و سەردانی دەرەوەی تورکیا و باکووری کوردستانیان نەکردووە، ئێستاش لە کەرەنتینەدان و رەوشی تەندروستییان جێگیرە.

لە تورکیا و باکووری کوردستان، ملیۆنێک و 200 کەس لە ماوەی 10 رۆژدا ڤاکسینی چینیی کۆرۆنایان وەرگرتووە و هەڵمەتەکەش بەردەوامە.

پێش چوار رۆژ، تووشبوون بە نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا لە ناوچەی چناری دیاربەکر تۆمارکرابوو؛ تووشبووەکان ژنێک و هاوسەرەکەی بوون و بەو هۆیەوە گەڕەکەکەیان بۆ ماوەی 14 رۆژ لە کەرەنتینەدایە.

نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا یەکەمجار لە بەریتانیا دەرکەوت، بەڕێژەی 70٪ لە کۆرۆنای ئاسایی خێراتر بڵاودەبێتەوە، ئەمەش وایکردووە وڵاتان رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی تووندتر بکەن.

تووشبوون بە نەوە نوییەکەی کۆرۆنا بۆ یەکەمجار لە یەکی ئەم مانگە لە تورکیا تۆمارکرا، بەگشتیش تائێستا نەوە نوێیەکەی کۆرۆنا لە چوار شاری باکووری کوردستان تۆمارکراوە.

هـ.ر.