سوپاسالاری پێشمەرگە: سەرۆك بارزانی رۆڵی سەرەكیی لە تێكشكاندنی داعش ھەبوو

سوپاسالاری پێشمەرگە: سەرۆك بارزانی پاڵپشتی سوپای عێراق بوو لە رزگاركردنی مووسڵ
سەرۆك بارزانی لە بەرەی مەخموور
سەرۆك بارزانی لە بەرەی مەخموور

K24 – ھەولێر:

سوپاسالاری پیشمەرگە رایگەیاند، سەرۆک بارزانی سەرکردایەتی تێکشکاندنی داعشی کرد و رۆڵی سەرەکیی هەبووە لە تێکشکاندنی داعش و هاوکار و پاڵپشتی سوپای عێراقیش بوو لە ئازادکردنی مووسڵ.

بۆ یەکەم جار داعش لە عێراق و سوریا لە میحوەری گوێر و مەخموور لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە تێکشکێنرا؛ ئەمەش لە جیهان دەنگی دایەوە. سەرکردایەتی تێکشکاندنی داعش لە عێراق لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی  بوو، کە ئەو کات جگە لەوەی پلانی شەڕەکانی دادەنا و  سەرۆکی هێزە چەکدارەکانیش بوو، خوێ لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ وەک پێشمەرگەکان لە میحوەرەکان دەمایەوە، ئەمەش هاندان و ورەیەک بوو بۆ پێشمەرگەکان. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەم هەڵوێستانەی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەیان لە تێکشکانی داعش بەرز نرخاندووە.

فەریق جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری پێشمەرگە گوتی: سەرۆک بارزانی سەرکردایەتی تێکشکاندنی داعشی کرد و رۆڵی سەرەکیی هەبووە لە تێکشکاندنی داعش و هاوکار و پاڵپشتی سوپای عێراقیش بوو لە ئازادکردنی مووسڵ

عادل کاکەی پسپۆڕی سەربازی گوتی: ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە داعش بەغداشی کۆنترۆڵ دەکرد و زیانی زۆر زیاتریشی بە عێراق دەگەیاند.

سەرەتای دەرکەوتنی داعش و کۆنترۆڵکردنی چەندین ناوچەی فراوان مەترسی خستبووە سەر چەند وڵاتێکش، دواجار هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی رووبەڕووی داعش بوونەوە. پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی تێکشکاند کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانانی شەڕی دژ بە داعشیش جگە لەوەی سەرسامن بە تواناکانی پێشمەرگە؛ راشیانگەیاندوە، سەرۆک بارزانی رۆڵی سەرەکی هەبوو لە تێکشکاندنی داعش و ئەو سەرکردایەتی تێکشکاندنی ئەفسانەی داعشی کردوە.