ئەوەی ھەرێمی كوردستانی پاراست پێشمەرگە بوو نەك وڵاتێكی دیكە

چیرۆكی ئازادكردنی مەخموور لەلایەن پێشمەرگە
سەید ھەژار، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی
سەید ھەژار، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی

K24 – ھەولێر:

فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگە، كە راستەوخۆ بەشداری شەڕی ئازادكردنەوەی مەخموور و گوێڕی كردووە، باسی ڕاستییەكانی كرد و گوتی: ئەوەی مەخمووری ئازاكردووە و ھەولێر و ھەرێمی كوردستانی پاراست، ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو نەك وڵاتێكی دیكە، لە پێناو پاراستنی كوردستانیشدا ھێزی پێشمەرگە زیاتر لە 1700 شەھیدی دا.

سەید ھەژار، یەكێكە لەو فەرماندانەی، بەشێوەیەكی مەیدانی، بەشداری شەڕی ئازادكردنەوەی مەخموور و گوێڕی كردووە، ئه‌و جێگری فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانییە و رایگه‌یاند، ھێزی پێشمەرگە لەژێر سەرپەرشتی سەرۆك بارزانیدا، وەك فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكان، توانی بەرگری لە ھەرێمی كوردستان بكات و وەك تاكە ھێزی سەر زەمین داعش تێكبشكێنێت، لەپێناو ئەم ئامانجەشدا زیاتر لە لە 1700 شەھیدی دا.

ھێزی پێشمەرگە نەك ھەر تەنیا بەشێكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی لە داعش پاككردەوە، بەڵكو بەرەو موسڵ پێشڕەوی كرد و دواجار كلیلی دەروازەكانی ئازاكردنەوەی موسڵی ڕادەستی ھێزە عێراقییەكان كرد.