پێنج کۆڵبەر زیاتر لە 10 رۆژە چارەنووسیان نادیارە

خەڵكی گوندەكە دەڵێن ئێران و توركیا رێگە نادەن بەدوای تەرمەكانیشیاندا بگەڕێین
کەسوکاری کۆڵبەرە بێسەروشوێنبووەکان
کەسوکاری کۆڵبەرە بێسەروشوێنبووەکان

K24 - هەولێر

دوای 10 رۆژ لە بێ سەروشوێنبوونی پێنج كۆڵبەری رۆژھەڵاتی كوردستان، تاوەكو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، ئەو كۆڵبەرانە خەڵکی گوندی كورانی سەر سنووری رۆژھەڵات لەگەڵ باكووری كوردستانن، کە بەھۆی ھاتنی رەنووی بەفر دیارنەماون، خەڵكی گوندەكەش دەڵێن ئێران و توركیا رێگە نادەن بەدوای تەرمەكانیشیاندا بگەڕێین.

بنەماڵەی ئەو پێنج كەسە، لەوەتەی رۆژی دیارنەمانیان ئۆقرەیان لێ بڕاوە، لە یارمەتی حكومەتی ئێران و توركیا نائۆمێدبوون، بۆیە ژن، پیاو، گەورە و بچووك روویانکردووەتە شاخەکان بۆ ئەوەی لانیكەم تەرمی ئەو کەسە ئازیزانەیان بدۆزنەوە.

ئەو پێنج کەسەی دیارنەماون، لە سنوور خەریكی كۆڵبەری بوون، بەڵام لەگەڵ ھاتنی رەنووی بەفر، ئەوانیش ونبوون. بەگوتەی خۆیان حكومەتی ئێران یارمەتیان نادات و ھێزەكانی سنوورپارێزی توركیاش ھەڕەشەی تەقەكردنیان لێكردوون.

گوندی كوران، 300 ماڵی تێدایە و زیاتر لە 1000 كەسی تێدا دەژیت. پێنج کۆڵبەرە ونبووەکەی ئەو گوندە تەمەنیان لە 18 بۆ 37 ساڵییە، لەپێناو پەیداكردنی بژێوی رۆژانەیان، لە کێوە سەختەکان كۆڵبەرییان كردووە، كەچی ژیانیان لەسەر داناوە و چارەنووسی تەرمەكانیشیان دیار نییە.