پەتایەكی وەرزی لە ھەرێمی كوردستان بڵاودەبێتەوە

سەرما و سۆڵ كاریگەری ھەبووە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی سەرمای بەھێز سەنتەری پارێزگای سلێمانی گرتەوەو پلەی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی، ئەمەش وایکردووە پەتایەکی نوێی وەرزی لەنێو ھاووڵاتییان بڵاوبێتەوە. پزیشکێک ئاماژە بەوەدەكات، ئەم پەتا نوێیەی بڵاوبووەتەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە پەتای وەرزییە.

بەپێی بە دواداچوونەکانی کوردستان24 چەند رۆژێکە جۆرێک لە پەتای وەرزی لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئەوەی ئەمساڵ بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، پزیشکێکی پسپۆڕ ئامۆژگاری ھاووڵاتییان دەکات لە چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم پەتا وەرزییە و دڵنیاییش دەدات ئەو پەتایە كۆرۆنا نییە.

د. داھات حەوێزی، پزیشکی پسپۆڕی ھەناوی بە كوردستان24ی گوت: "ئەو پەتایەی بڵاوبووەتەوە وەرزییە و رەنگە ئەنفلەوزاشی لەگەڵ بێت، ئەم پەتایە ساڵانە دروست دەبێت، ساڵای رابردوو لە مانگی 11 و 12 بڵاودەبووەوە، بەڵام ئەمساڵ چونكە باران و بەفر دواكەوت پەتاكەش دواكەتووە، ساڵی پار نەخۆشمان زۆر زیاتر بوو".

گوتیشی: "زۆر خەڵك ئەترسن كە ئەمە كۆرۆنا بێت، بەڵام بەپێی پشلنینەكان كە بۆیان دەكەین دەركەوتووە ئەم پەتایە كۆرۆنا نییە. ڤاكسینی ئەم پەتا وەرزییە لە نەخۆشخانەكان ھەیە، بۆیە ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكەین كە نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە یان پەتاكە بە قورسی دەگرن بچنە نەخۆشخانەكان و ئەو ڤاكسینە بەكاربێنن".

ھاوكات د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "پلانی تایبەتمان ھەیە ئەگەر نیشانەكان بۆ ماوەیەكی زۆر لە نەخۆشەكان بمێنێتەوە و جیاوزبێت لە ساڵانی دیكە، بەڵام ئەو پەتایە ساڵانەیە".

بە گوتەی پزیشکانی پسپۆ، پەتا وەرزیەکە قوڕگ ئێشەیەکی سوک و تەڕبوونی لوت و پژمین و سەرئێشەی سووک دیارترین نیشانەکانین، بەڵام ئەگەر بێت و نیشانەکان قورستر بوون بە تایبەت لەرزو تاو ئازاری ماسولکە، کەسی توشبوو رێژەی ئۆکسجینی لەشی دابەزی ئەوکاتە گریمانەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرێت.