گەنجانی ئیستەنبووڵ بۆچی هیوایان بە 2021 نییە و رەشبینن؟

چوار گەنج قسە بۆ کوردستان24 دەکەن و روونی دەکەنەوە بۆچی سەرەڕای ئەوەی وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت، هیوایان بە ژیان لەو وڵاتە نەماوە
ئەو گەنجانەی ئیستەنبووڵ، کە قسە بۆ کوردستان24 دەکەن لە راپۆرتەکەدا
ئەو گەنجانەی ئیستەنبووڵ، کە قسە بۆ کوردستان24 دەکەن لە راپۆرتەکەدا

K24 - ئیستەنبووڵ

ئاژانسی پلاندانان و نووسینگەی ئاماری ئیستەنبووڵ، لە راپۆرتێکدا باسی رەوشی ژیان و ئابووری و دەروونیی ئیستەنبووڵییەکان دەکات و دەڵێ: فشاری دەروونی و بێهیوابوونی ئەوانەی لە ئیستەنبوڵ نیشتەجێن، زیاد بووە.

زۆربەی ئەو کەسانەی لە لێکۆڵینەوەکەدا بەشدار بوون، لەو باوەڕەدان ساڵی 2021 لە ساڵی 2020ـیش خراپتر دەبێت.

گەنجێک کە قسەی بۆ کوردستان24 کرد، دەڵێ "مخابن، من هەرگیز هیوام بە داهاتوو نییە. من لە ئەڵمانیا دەژیام، بە هەندێک هۆکار ناچاربووم هاتمەوە تورکیا، بەڵام لەم وڵاتەدا سەختیی ژیان مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە".

کچێکی دیکەی ئیستەنبووڵی، کە لە بیستەکانی تەمەنیدایە دەڵێ "بەهۆی کێشەکانی خوێندن و ئابووری، من زۆر ترسم لە داهاتووی خۆم هەیە لەم وڵاتە. هەرچەندە زۆر حەزم لە وڵاتی خۆمە، بەڵام بۆ داهاتوویەکی باش، بیردەکەمەوە بچمە ئەوروپا".

گەنجێکی دیکەش باس لەوە دەکات "منیش یەکێکم لە رەشبینەکان، چونکە هەموو رۆژ هەواڵی ناخۆش دەبیستم، بێکاری زیاد دەبێت و ژیانی گەنجان رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر دەبێت".

کچێک کە لە نزیک دەریا بەدەم خواردنەوەی قاوە قسە بۆ کوردستان24 دەکات ئاماژە بەوە دەدات، ئەگەر چارەسەری دەروونی مرۆڤ نەکرێت، کێشەکان هەر بەردەوام دەبن، دەڵێ "برینێک مرۆڤ هەیبێت، پێویستی بە دەرمانە".

ئازاد دڵدار، پزیشکی دەروونییە، بە گوتەی ئەو؛ بێکاری و رەوشی خراپی ئابووری کاریگەری لە مرۆڤ دەکەن و دەبنە هۆی زیادبوونی نەخۆشییە دەروونییەکان.

ئەو هەروەها دەڵێ "کەرەنتینە، نەخۆشی و مردن ئەمانە هەمووی فشاری گەورەن. لەگەڵ پەتای کۆرۆنا، رەوشی ئابووریش خراپ بوو و بێکاری زیادبوو، ئەمانە هەموویان فشارێکی گەورە لەسەر مرۆڤ دروست دەکەن و دەبنە هۆی ئەوەی ترۆما دروست ببێت، ئەمەش نەخۆشییە دەروونییەکان زیاد دەکات".

بەگوتەی ئەوانەی لە راپرسییەکە بەشدار بوون، لەکاتی پەتای کۆرۆنا، کێشەی هەرە گەورەیان، کێشەی ئابووری بووە، ڤایرۆسی کۆرۆنا کێشەی دووەمیان بووە.

هـ.ر.