دهۆک.. نەخۆشییەکانی دڵ، هۆکاری یەکەمی گیانلەدەستدان بوون لە ساڵی 2020

ساڵی رابردوو ژمارەی مردن کەمیکردووە بەراورد بە 2019
دیمەنێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی پارێزگای دهۆک
دیمەنێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی پارێزگای دهۆک

 K24 - دهۆک

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، هۆکاری یەکەمی گیانلەدەستدان لە پارێزگای دهۆک لە ساڵی 2020، نەخۆشییەکانی دڵ بووە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا حەمزە رەزیکی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی پارێزگای دهۆک رایگەیاند "لە ساڵی رابردوودا لە پارێزگای دهۆک، هەزار و 149 کەس بە نەخۆشییەکانی دڵ گیانیان لەدەستداوە".

مردن بە نەخوشییە گوازراوەکان لە رێزی دووەمی هۆکارەکانی مردنە لە دهۆک و ژمارەی کۆچکردووانی 1116 کەسە.

لەکاتێکیشدا لە ساڵی 2020 و ئێستاش کە نزیکەی مانگێک لە 2021 تێپەڕیوە، کۆرۆنا جیهانی گرفتار کردووە، پەتای کۆرۆنا لە ریزبەندی سێیەمی هۆکارەکانی مردنە لە سنووری پارێزگای دهۆک، کە لە ساڵی رابردوو کەمتر لە 700 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوە دا: ئەوانەی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە مردوون، ژمارەیان 292 کەسە.

بە بەراورد لەگەڵ پێرار و، سەرەڕای کۆرۆنا و چەندین نەخۆشی، مردن لە پارێزگای دهۆک کەمیکردووە، چونکە لە ساڵی 2019 ژمارەی مردن زیاتر لە پێنج هەزار کەس بوو، لە ساڵی 2020ـیش کەمتر لە 5 هەزار کەس مردوون.

هـ.ر.