ئەمەریكا دانوستانەكان لەگەڵ تاران تا دوای ھەڵبژاردنی سهرۆكایهتی ئێران سڕ دەكات

K24 – ھەولێر:
كۆشكی سپی و ئیدارەی نوێی ئەمەریكا چاوی بڕیوەتە رۆبرت مالی، شارەزای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و تایبەتمەند بە چارەسەركردنی ململانێیەكان بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی دانوستانەكان بكات لە گەڕانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ نێو رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.
مالی، كە دایكی جوولەكەیەكی ئەمەریكایی و باوكیشی جوولەكەیەكی میسرییە، ئەندامی تیمی سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، بێل كلنتۆن بوو لە لوتكەی كامپ دێڤید لە تەمووزی ساڵی 2000 و بەرپرسێكی باڵا بوو لە ئیدارەی سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا، باراك ئۆباما، ئێستاش سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمەڵەی تەنگژە نێودەوڵەتییەكانە لە واشنتن، كە شیكردنەوە لەسەر تەنگژەكانی جیھانی دەكات، بەپێی ئەوەی رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنوت"ی ئیسرائیلی بڵاویكردووهتهوه.
لە میانی روانینە ئەو لێكۆڵینەوانەی پێشووی كۆمەڵەكە سەبارەت بە رێكەوتنی ئەتۆمی ئێرانی، دەتوانی بەئاسانی رێڕەوی ئەو كارەی ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا جۆ بایدن دەیگرێتەبەر لەبارەی ئەم پرسەوە ھەڵێنجنین.
یەكەم، دانوستان سڕ دەكرێت تا دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا. دوای ئەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دوو رێڕەوی دانوستان لەگەڵ ئێران دەگرێتەبەر. یەكێكیان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییە و ئەوەی دیكە لەبارەی پێشخستنی مووشەكە بالیستییەكان و خۆ ھەڵقورتاندنی ئێرانە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەپێی راپۆرتەكە.
بەرپرسانی ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا، دەستیانكردووە بە دانوستانی ھێورانە لەگەڵ ئێران سەبارەت بەگەڕانەوەی واشنتن بۆ ناو رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 و ئیسرائیل ئاگای لەو دانوستانانە ھەیە، بەپێی كەناڵی 12ی ھەواڵ لە ھەفتەی رابردوو و رۆژنامەی The Time of Israel جەختی لێ كردووەتەوە.
سەرۆكی ئەمەریكا، بایدن ئاماژەی كردووە بە گەڕانەوە بۆ ناو رێككەوتنەكە، بەڵام ئیسرائیل فشار دەخاتە سەری لە پێناو سەپاندنی كۆتوبەندی دیكە لەسەر بەرنامەی مووشەكە بالیستییەكانی ئێرانی و قەڵاچۆكردنی تیرۆر و نانەوەی ناسەقامگیری لە تەواوی جیھان.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، پێگەی "والا نیوز" رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتنیاھۆ كار لەسەرپێكھێنانی تیمێك دەكات بۆ دانانی ستراتیجییەك لە یەكەم دانوستانەكان لەگەڵ ئیدارەی بایدن سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، راپۆرتەكه لە ھەندێك سەرچاوەی لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی گواستووەتەوە، تێمەكە كۆمەڵێك بەرپرس لە خۆوە دەگرێت، كە نوێنەرایەتی ئاسایشی نەتەوەیی، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری، سوپا و ئاژانسی سیخوڕیكردنی مۆساد و لیژنەی وزەی ئەتۆمی دەكەن.
راپۆرتەكە ئاشكرایكردووە، ناتنیاھۆ بیر لە دامەزراندنی بەرپرسێكی گەورە دەكاتەوە، كە سەرۆكایەتی تیمەكە بكات، وەك نێردەی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا كار بكات لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
راپۆرتەكە گوتیشی: كاندیدی مەزندەكراو بۆسەرۆكایەتی تیمەكە، سەرۆكی مۆساد، "یوسی كۆھین"ە، كەناڵ 12 رۆژی شەممە رایگەیاندبوو، كۆھین لەم ھەفتەیەدا لە واشنتن بووە بۆ بینینی بەرپرسانی ئیدارەی پێشوو و ئێستای ئەمەریكا.
سەچاوە. "العربیە نیت"