برنجی کوردی خواستێکی زۆری لەسەرە

جوتیارانی شارەزوور گرنگی بە داچاندنی برنج دەدەن
داچاندنی برنجی كوردی له‌ ساره‌زوور
داچاندنی برنجی كوردی له‌ ساره‌زوور

K24 - هه‌ولێر:

جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت شارەزوور و پێنجوێن، چەند ساڵێکە گرنگی زیاتر بە داچاندنی برنج دەدەن، بەهۆی خواستی زۆری هاووڵاتیان بۆ برنجی کوردی، ساڵی پار (120) دۆنم زەوی لە سنووری شارەزوور، (60) دۆنم زەوییش لە سنووری پێنجوێن بە برنج داچێنران، باشترین جۆرەکانی برنج لەم ناوچانە داده‌چێندرێن.

دەشتە فراوان و بەپیتەکەی شارەزوور، ئیستا تەنیا بۆ تۆكردنی گەنم و جۆ نییه‌، بەڵکو باشترین جۆرەکانی برنج لەم سنوورەی شارەزوور و پێنجوێن داده‌چێندرێن و دەخرێنە بازاڕەوە، بەهۆی باشی کوالیتی و تام و چێژەکەیەوە، خواستی هاووڵاتیان بۆ برنجی کوردی زیادی کردووە.

نەریمان ساڵح، فرۆشیاری برنج گوتی: "ئێمه‌ هانی جوتیارانمان داوه‌، تا برنجی كوردی به‌رهه‌م بهێنن، كه‌ جۆری زۆری هه‌یه‌، له‌وانه‌: برنجی شاره‌زوور، چه‌وتان و بانی خێڵان هه‌یه‌، ئێستا نرخێكی باش ده‌كه‌ن، برنجی پێنجوێن كیلۆی به‌ (6) هه‌زار دیناره‌، برنجی شاره‌زووریش كیلۆی به‌ (4) هه‌زار دیناره‌".

گەنم و جۆ رووبەرێكی فراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری شارەزووریان داپۆشیوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا، داچاندنی برنجیش گرنگی تایبەتی پێدراوە و جوتیاران ساڵ بەساڵ گرنگی بە بەرھەمی برنج دەدەن، چونكە برنجی كوردی ھەم خواستی لەسەرە، ھەم زوو لە بازاڕدا ساغ دەبێتەوە.

عه‌بدولکه‌ریم عارف، بەڕێوبەری کشتوکاڵی شارەزوور گوتی: "له‌ ساڵی (2020)، نزیكه‌ی (120) دۆنم زه‌وی به‌ چه‌ڵتووك تۆكراوه‌، هه‌ر دۆنمێك (8 تا 10) كیلۆی لێده‌چێنن، به‌ڵام بڕه‌شته‌كه‌ی یه‌ك به‌ (80) تا (120)ه‌، ئه‌و گوندانه‌ی چه‌ڵتووكی لێچێندراوه‌، زڕایه‌ن، كانی كه‌وه‌ی كۆنه‌، كانی كه‌وه‌ی چبوغه‌، قلیجه‌، ئالانه‌، حاسڵه‌ و قه‌ڵبه‌زه‌-ن، هه‌روه‌ها (2) جۆر برنج له‌و سنووره‌دا ده‌چێندرێت، مه‌ره‌زه‌ و چه‌ڵتووكه‌ سپییه‌كه‌یه‌، شێوه‌ی مه‌گازه‌ش ده‌چێندرێت، به‌ڵام كه‌متره‌".

لە سنووری پێنجوێن، زیاتر لە (60) دۆنم زەوی کشتوکاڵی و لە شارەزووریش (120) دۆنم زەوی بە برنج داچێندراون، باشترین جۆرەکانی برنجیش لەم سنوورە بەهۆی گونجاوی کەشوهەوا و خاکی بەپیت و ئاوێکی  زۆرەوە، کە ژینگەكه‌ی لەباره بۆ بەروبوومی برنج، خراونەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی، ئه‌و رێژەیه‌ی بەرهەم دەهێندرێت، لەچاو خواستی هاووڵاتیان بۆ برنجی کوردی کەمتره، بۆیە نرخەکەی بەراورد بە برنجەکانی دیکە زیاترە.

د.ی