ڤەنزوێلا: چاره‌سه‌ری كۆرۆنامان دۆزییه‌وه‌

گشت زانیارییەكان لە بارەی ئەم دەرمانە رادەستی بەڕێوەبەری تەندرووستی جیھانی دەكرێت

K24 – ھەولێر:

"دە دڵۆپ لە ژێر زمان.. دواتر پەرجوو روودەدات" بەم دەستەواژەوە، سەرۆكی ڤەنزوێلا، نیكۆلاس مادۆرۆ رایگەیاند، وڵاتەكەی گەیشتە درووستكردنی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ.

سەرۆكی ڤەنزوێلا، نیكۆلاس مادۆرۆ، یەكشەممە، چەند "دڵۆپێكی" پێشكەشكرد، كە بە "پەڕجوو" وەسفیكرد و جەختیكردەوە لەوەی 100% "كۆڤید-19" لە ناو دەبات گەر 4 كاتژمێر جارێك بەكاربھێنرێت.

سەرۆكی ڤەنزوێلا لە گوتارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "دوای ئەوەی بەفەرمی رێپێدانی تەندرووستی وڵاتی بەدەستھێنا، دەتوانم دەرمانی "كارفاتیفێر" پێشكەش بكەم، كە 100% كۆرۆنا لە ناودەبات".

روونیشیكردەوە، ئەم چارەسەرە، ئەنجامی 9 مانگە لە لێكۆڵینەوەی كلینیكی، زانسی و بایلۆجی و لەسەر نەخۆشانی خاوەن حاڵەتی مامناوەند و توند تاقیكراوەتەوە، دەركەوتووە بە تەواوی لە ڤایرۆسەكە چاكبوونەتەوە، بەپێی قسەكانی مادۆرۆ، لە سایەی ئەو دڵۆپانەوە".

سەرۆكی ڤەنزەوێلا، ، نكۆلاس مادۆرۆ
سەرۆكی ڤەنزەوێلا، ، نكۆلاس مادۆرۆ

مادۆرۆ سوور بوو لەسەر ئەوەی "10 دڵۆپ لە ژێر زمان لە ھەر 4 كاتژمێردا، دواتر پەڕجوو درووست دەبێت، ئەم دژە ڤایرۆسێكی بەھێزە، زۆر بەھێزە، ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو دەبات". دواتر ئاماژەیكرد، ھەر شتێك پەیوەست بێت بەم بەرھەمە "لە جیھان و لە گۆڤارەكاندا بڵاو دەكرێنەوە".

لە قسەكانی بەردەوام بوو وگوتی: كارفاتیفێر دەرمانێكە "دەرمانێكە ھیچ زیان ناگەیەنێت" چونكە "ھیچ شوێنەوارێكی لاوەكی و نەرێنیی نییە"، یان بەلای كەمەوە ئەو"تاقیكردنەوە گەورانە"ی لە ڤەنزوێلا ئەنجامدراون ئەمە بەدەردەخەن.

مادۆرۆ گوتیشی: "بەرھەمھێنانی گەورە" بۆ ئەم دەرمانە لەم ھەفتەیەدا دەستپێدەكات، حكومەت پلان دادەڕێژێت بۆ دانانی سیستەمێكی دابەشكردنی راستەوخۆ بۆ گشت نەخۆشخانە و بنكە تەندرووستییەكانی وڵات.

جگە لەمە، دەوڵەت پلانی ھەیە بۆ ھەناردەكردنی بەھەزاران لەم دەرمانەی بەناوی لارفاتیفێر بۆ وڵاتانی دەوروبەر.

مادۆرۆ ئاماژەشیكرد، كەوا جێگرەكەی، دیلسی رۆدریگیز گشت زانیارییەكان رادەستی بەڕێوەبەری تەندرووستی جیھانی، تیدرۆس ئەدھانوم گیبریسوس دەكات، "بۆ ئەوەی ئەم دژە ڤایرۆسە بەھێزە بناسێت و پەسندی بكات".

ناتوانرێت راستی ئەم قسانە بە شێوەیەكی فەرمی بسەلمێنرێت، چونكە ئەم چارەسەر و ئەو تاقیكردنەوانەی لەسەر دەرمانەكە ئەنجامدراون نەخراونەتە ژێ وردبینییەوە لە لایەن لایەنێكی پزیشكی سەربەخۆ یان نێودەوڵەتییەوە.

تاكو ئێستا رێكخراوی تەندرووستی جیھانی ھیچ راگەیاندراوێكی لە سەر ئەم دەرمانە دەرنەخستووە.

ڤەنزوێلا 124 ھەزار حاڵەتی تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركردووە و لەم ژمارە 1148 كەس بەو پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوە: "شەفەق نیوز"