حكومەتی ھەرێم رادەستکردنی دۆسیەی نەوت بە بەغدا رەتدەكاتەوە

"داوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەکی نادەستوورییە"
شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا
شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا

K24 – ھەولێر

شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا، پێشنیازی حكومەتی عێراقی لەبارەی رادەستكردنی دۆسیەی نەوت رەتكردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند: "حکومەتی هەرێم رازی نەبووە بە رادەستکردنی دۆسیەی نەوت بە بەغدا، ئەو دەنگۆیەی لەوبارەیەوە بڵاوبووەتەوە ھیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە راستییەوە. مەرجی لەو شێوەیە كە نادەستووریین ئاستەنگ بۆ گەیشتن بە رێككەوتن دروست دەكەن".

ئەو سەرچاوەیە جەختیكردەوە: "حكومەتی ھەرێم پابەندە بە رادەستکردنی داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، كە پێشتریش رەزامەندی خۆی لەوبارەیەوە دەربڕیوە".

پێشتر وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان روونیكردووەتەوە ئەو پێشنیازەی حكومەتی عێراق رەتكردبووەوە و رایگەیاندبوو: "عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و مەرکەزیی نییە. بەپێی دەستووریش، کە زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان پێداوە، هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە. بۆیە داوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەکی نادەستوورییە. بەڵام لە هەمانکاتدا ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ ئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکەین، لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکەن. هەمیشە ئامادەشین کێشەکانی نێوانمان بەپێی دەستوور چارەسەر بکەین و بگەینە رێککەوتنێکی هاوبەش کە لە بەرژوەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت".

رۆژی یەكشەممە 24/1/2021 شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق و بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتن سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، تایبەت بە پشکی ھەرێم لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021.