تەقینەوەیەک لە گرێ سپی روویدا

کوژراو و بریندار هەن
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

تەقینەوەیەکی بە‌هێز بەیانیی ئەمڕۆ شارۆچکەی گرێ سپیی رۆژئاوای کوردستانی هەژاند، لەئەنجامدا بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ 10 کەس بوونە قوربانی.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند تەقینەوەکە لە بازاڕێکی نزیک شارەوانیی شارۆچکەی گرێ سپی روویداوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان: سێ کەس کوژراون و حەوتی دیکەش بریندارن.

بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکراوەتەوە و بەرواری ئەمڕۆی بەسەرەوەیە، دەردەکەوێت تەقینەوەکەی گرێ سپی لەلایەن خۆکوژێکەوە ئەنجامدراوە.

گرێ سپی، دەکەوێتە باکووری پارێزگای رەققە و لە شەڕی ناوخۆیی سووریا سەرەتا لە ساڵی 2012 کەوتە دەست سوپای سووریای ئازاد، دواتر لە ساڵی 2014 لەلایەن ھێزەکانی داعش داگیرکرا، پاشان لە 2016 لەلایەن ھێزەکانی یەپەگە کۆنترۆڵکرا، لەکۆتاییشدا لە 13ی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی، لەلایەن تورکیا و ھێزە سوورییە ھاوپەیمانەکانی دەستی بەسەرداگیرا.

بەگشتی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کە دەکەونە سنووری "کانیی ئاشتی" لە رۆژی یەکەمی دەستبەسەرداگرتنیان لەلایەن سوپای تورکیا و ئەو گرووپە چەکدارەی پاڵپشتییان دەکەن، تاوەکو ئێستاش دۆخی ئەمنییان ئاڵۆزە.