شاندی حکومەتی ھەرێم داتا و زانیارییەكان بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەخاتەڕوو

"بە ژمارە گفتوگۆ لەبارەی داهات و خەرجییەکان کراوە"
شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا - ئەرشیف - فۆتۆ: ئەژی عومەر
شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا - ئەرشیف - فۆتۆ: ئەژی عومەر

K24 – ھەولێر

شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا، داتا و زانیارییەكان بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەخاتەڕوو.

سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "شاندی حکومەت بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، شەوی رابردوو لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە.

گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی و بە ژمارە گفتوگۆ لەبارەی داهات و خەرجییەکان کرا و هەموو ئەو داتا و زانیاریانەی هەرێمی کوردستانیش کە پێویست بوون بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، خرانەڕوو".

سەمیر هەورامی ئاشکراشی کرد: "کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەت لە بەغدا تا چەسپاندنی رێککەوتنی مانگی 12ی ساڵی رابردوو لە بودجەی گشتیدا بەردەوام دەبن".

رۆژی یەكشەممە 24/1/2021 شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق سەردانی بەغدای كردەوە و بۆ ئەوەی لەبارەی پشكی ھەرێم لە بودجەی گشتی 2021ی عێراق بگەنە رێككەوتن.