پەرلەمان لەگەڵ دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر
سەرۆکی لیژنەی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممەی ئەم ھەفتەیە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ دەزگای ھەڵبژاردنی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە.
جوان رۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت: "رۆژی پێنجشەممە 28/1/2021 لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی هەموو حزب و لایەنەکان لە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە".
گوتیشی: "پەرلەمان وەك دەستپێشخەرییەکی نیشتیمانی و کوردستانی، هەوڵدەدات بۆ دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان حزبەکان، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، داواش دەکات یەكدەنگ و یەك هەڵوێست بن، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کە ئێستا بارودۆخی ئەو ناوچانە ناهەموارە و بازنەی هەڵبژاردنەکان تێیدا بچووک کراونەتەوە. بۆیە لەم ساتەدا یەکڕیزی لایەنەکان زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی دەنگی کورد لەو ناوچانە بەفیڕۆ نەچێت".
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژەی بەوەشكرد: "سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بانگێشتکراون ئامادەییان ھەیە بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەکە".