بەوێنە: "هەڵوەشاندنەوە و دزینی پردێکی هێڵی ئاسنین لە سووریا"

ئاسنەکانی لە دروستکردنی پردەکە بەکارهاتوون لەگەڵ هێڵە ئاسنینەکەیان دزیوە
پردەکە پێش شەڕی سووریا، وێنەکە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی سووریا بڵاوکراوەتەوە
پردەکە پێش شەڕی سووریا، وێنەکە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی سووریا بڵاوکراوەتەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی گواستنەوەی سووریا رایگەیاند "گرووپی تیرۆرست" پردی بدامای تایبەت بە هێڵی ئاسنی شەمەندەفەریان لە رۆژئاوای پارێزگای ئیدلب لەیەکدی هەڵوەشاندووەتەوە و ئاسنەکانیان دزیوە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا کە لە فەیسبووک ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-1-2021) بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ: ئەو گرووپە تیرۆرستییانەی تورکیا پاڵپشتییان دەکات، ئەو پردەیان هەڵوەشاندووەتەوە کە دەکەوێتە نێوان هەردوو شارۆچکەی بداما و زەعینییە.

پردەکە درێژیی 245 مەترە، بەرزیشی 18 مەترە. وەزارەکە دەڵێ "ئەو گرووپانە، ئەوەی دزیویانە، بردوویانەتە وەرشە و کارگەکانیان. بڕێکی زۆری ئەو ئاسنەی لە دروستکردنی پردەکە بەکارهاتبوو، دەریانهێناوە، ئەمەش جگە لە تەواوی هێڵە ئاسنینەکە".

وەزارەتەکە راستەوخۆ تورکیا تۆمەتباردەکات بەو کارە و دەڵێ بە فەرمان و پاڵپشتیی ئەوان کراوە، ئەمەش "دەبێتە بەشێکی دیکە لە زنجیرە تاوانەکانیان لەدژی ماڵ و موڵک و توانامان... بۆ ئەوەیە خەڵکی سووری زیاتر بخەنە نێو قەیرانەوە".

وەزارەتی گواستنەوەی سووریا سێ وێنەی لەگەڵ راگەیەندراوەکە بڵاوکردوونەتەوە: یەکێکیان پردەکەیە پێش شەڕی سووریا و ئەوانەی دیکەش کە بە هێڵی سوور دیاری کراون، کەسێک و دوو ئۆتۆمبێلن لە نزیک پردەکە، وەکو بەڵگەیەک بۆ ساتی هەڵوەشاندنەوە و دزینی پارچەکانی پردەکە.

چالاکوانان لە پارێزگای ئیدلبی ژێر دەستی گرووپەکانی سەر بە تورکیا، پێش دوو رۆژ رایانگەیاندبوو ئەو پردە لەیەکدی هەڵوەشێنراوەتەوە. بەپێی میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاش، گرووپی سەر بە دەستەی تەحریری شام پێش دوو مانگ دەستیان بە هەڵوەشاندنەوەی پردەکە کردووە و ئاسنەکەی لە دروستکردنی پردەکە بەکارهاتووە، لەگەڵ ئاسنی هێڵە ئاسنینەکەیان، دزیوە.

وێنەکان، کە بەپێی وەزارەتی گواستنەوەی سووریا ساتی لەیەکدی هەڵوەشاندنەوە و دزینی پارچەکانی پردەکە دۆکیومینت دەکەن
وێنەکان، کە بەپێی وەزارەتی گواستنەوەی سووریا ساتی لەیەکدی هەڵوەشاندنەوە و دزینی پارچەکانی پردەکە دۆکیومێنت دەکەن