هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پیرۆزبایی له‌ كورد ده‌كات

وه‌ین مه‌رۆتۆ: كورد بوونه‌ته‌ نموونه‌ی هاوكارییه‌كی لێهاتوو و متمانه‌پێكراو
پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی كۆبانێ له‌ ساڵی 2015
پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی كۆبانێ له‌ ساڵی 2015

K24- هه‌ولێر:

گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش دووپاتیكرده‌وه‌، ئێمه‌ پیرۆزبایی له‌ كورد ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ نموونه‌ی هاوكارییه‌كی لێهاتوو و متمانه‌پێكراو.

ئه‌م گوتانه‌ی وه‌ین مه‌رۆتۆ، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش له‌ تویتێكدا به‌ زمانی كوردی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی تویته‌ر هاتوون و به‌بۆنه‌ی شه‌شه‌مین ساڵیادی رزگاركردنی كۆبانێ له‌ده‌ست چه‌كدارانی داعش نووسیویه‌تی: "ئه‌مڕۆ رۆژی ئازادكردنی كۆبانێیه‌، له‌ 26ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2015 شه‌ڕڤانانی كورد به‌ پشتیوانی هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانان كۆبانێیان رزگاركرد و له‌ناوبردنی داعشیان به‌باشی نیشانی جیهان دا".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "كورد ئامانجی ستراتیژی داعشی ره‌تكرده‌وه‌، ئێمه‌ پیرۆزبایی له‌ كورد ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ نموونه‌یه‌كی هاوكاری و لێهاتوو و متمانه‌پێكراو".

ئه‌مڕۆ 6 ساڵ به‌سه‌ر رزگاركردنی كۆبانێدا تێده‌په‌ڕێت، كه‌ له‌ 26ی كانوونی دووه‌می ساڵی 2015 و له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، به‌ هاوكاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، كه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆك بارزانی ره‌وانه‌ی رۆژئاوای كوردستان كران، بۆ به‌شداریكردن له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی ئه‌و شاره‌، به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ شه‌ڕڤانانی كوردی رۆژئاوای كوردستان و پشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپه‌یمانی نێوده‌ڵه‌تی، توانرا ئه‌فسانه‌ی داعش له‌ كۆبانێ تێكبشكێنرێت و شاره‌كه‌ رزگاركرا.

H.B

تویته‌كه‌ی وه‌ین مه‌رۆتۆ، گوته‌بێژی هێزی هاوپه‌یمانان كه‌ به‌ زمانی كوردی نووسیویه‌تی
تویته‌كه‌ی وه‌ین مه‌رۆتۆ، گوته‌بێژی هێزی هاوپه‌یمانان، كه‌ به‌ زمانی كوردی نووسیویه‌تی