كۆرۆنا زیانی له‌ده‌ستدانی 255 ملیۆن هه‌لی كاری لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌

ئافرەتان لەو رووەوە زیاتر لە پیاوان زیانمەندبوون بەجۆرێك %5 ـی ئافرەتانی جیھان كارەكانیان لەدەستداوە لە بەرامبەریشدا %3.9 ـی پیاوان بێ كار ماونەتەوە
ژماره‌یه‌ك كرێكار
ژماره‌یه‌ك كرێكار

K24 – هه‌ولێر:

راپۆرتێكی دەریدەخات كۆرۆنا بووەتە ھۆكار كە ساڵی رابردوو زیان بە 255 ملیۆن هه‌لی دامەزراندن بكەوێت و ئەم قەیرانەش بە خراپترین دادەنرێت بۆ سەر ئەو كەرتە و لێرەشدا گەنجان بوونەتە زیانمەندی یەكەم و ئەوەش بووەتە مەترسییەكی راستەقینە بۆ سەر ئەو  داهاتووی ئه‌و توێژه‌.

رێكخراوی نێودەوڵەتی كار ئاماژەدەدات دەبێت ئەوە لەپێش چاو بگیرێت كە وڵاتان بە تەنیا ناتوانن كار بۆ بووژانەوەی بازاڕ كار بكەن، بەڵكوو دەبێت ھەمووان پێكەوە ئەو كارە ئەنجامبدەن.


رێكخراوی نێودەوڵەتی كار لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكرد، ساڵی رابردوو ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە ھۆكار كە زیان بە 255 ملیۆن هه‌لی دامەزراندن بكەوێت.

لە راپۆرتەكەدا كە تایبەتە بە كاریگەرییە نەرێنییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر جیھانی كاردا ھاتووە، ساڵی 2020 زیان بە %8.8 ـی كاتژمێرەكانی كار لە جیھاندا كەوتووە بەراورد بە چارەكی چوارەمی 2019 كە بە بە تێكڕا دەكاتە 255 ملیۆن دامەزراندن بە دەوامێكی تەواو.

جەختیشیكردەوە وڵاتانی جیھان پێشووتر ئەو ئاستەیان تۆمار نەكردووە، كە ساڵی رابردوو بەھۆی كۆرۆناوە لە لەدەستدانی دامەزراندنەوە بەخۆیەوە بینیویەتی.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، ئافرەتان لەو رووەوە زیاتر لە پیاوان زیانمەندبوون بەجۆرێك %5 ـی ئافرەتانی جیھان كارەكانیان لەدەستداوە لە بەرامبەریشدا %3.9 ـی پیاوان بێ كار ماونەتەوە، چونكە  ئافرەتان لەو رووەوە زووتر لە پیاوان لە بازاڕی كاردا بێ بەش دەبن.

ھاوكات ئەو كرێكارانەی كە لە تەمەنێكی گەنجدان زیانی زۆریان لە بازاڕی كاردا بەركەوتووە، بەجۆرێك %8.7 ـی گەنجان كە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 24 ساڵە كاریان لەدەستداوە و لە بەرامبەردا %3.7 ـی ئەو كەسانەی كە لەو تەمەنە گەورەترن بێ كار بوون، ئەو رێژەیەش مەترسییە راستەقینەكانی سەر ئەو توێژه‌ بە روونی نیشان دەدات لەوەی لە نەوەیەكی بێ سەر و بەر جێ دەمێنێت.

لای خۆیەوە جای رایدر، سەرۆكی رێكخراوی نێودەوڵەتی كار لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیداوە، ئەم قەیرانە  بە گەورەترین قەیران لە جیھانی كاردا دادەنرێت و لە سییەكانی سەدەی رابردووەوە ھاوشێوەی نەبووە ،و ئەو دەستپێشخەرییانەی كە ئێستا دەخرێنەڕوو بۆ بووژانەوەی بازاڕ، ھاندانێكی باشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە لەپێش چاو بگیرێت كە وڵاتان بە تەنیا ناتوانن كار بۆ بووژانەوەی بازاڕی كار بكەن، بەڵكوو دەبێت ھەمووان پێكەوە ئەو كارە ئەنجامبدەن.

رایدر جەختیشیكردەوە، جیھان لە بەردەم چەندین رێگایە، یەكیان بەرەو بووژانەوەیەكی ناڕێكە كە خۆی لە نا یەكسانی و ناجێگیری دەبینێتەوە و لێرەدا  پێشبینییەكان بۆ ئەوەیە كە چەندین قەیرانی دیكە لە ئارادایە، ئەوەی دیكەشیان تیشك دەخاتە سەر باشتربوونی دۆخی مرۆڤەكان بۆ ئەوەی بتوانن دووبارە بازاڕی كار بەگەڕبخەنەوە و كاری لە پێشینە بۆ دامەزراندن و داھات و ھەروەھا پاراستنی كۆمەڵایەتی و مافی كرێكار و گفتووگۆی كۆمەڵایەتی بێت، ئەم ئاڕاستەیەش بۆ بووژانەوەیەكی دوور مەودا بە باشترین ئاڕاستە دادەنرێت .