یانه‌ی دهۆك له كۆبوونه‌وه هاته ده‌ره‌وه و راهێنه‌ری نوێی ده‌ستنیشان كرد
یانه‌ی دهۆك دوای كۆبوونه‌وه و گفتووگۆیه‌كی زۆر دواجار له‌گه‌ڵ هه‌رمان ساڵح گه‌یشته رێككه‌وتن ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه بۆ خولی نایابی كوردستان و خولی پله‌یه‌كی عێراق وه‌ربگرێت.
یانه‌ی دهۆك دوای ئه‌نجامه خراپه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان، سلێمان ره‌مه‌زانی له ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه دوورخسته‌وه و له ماوه‌ی 8 رۆژی رابردوو له‌گه‌ڵ 3 راهێنه‌ری عه‌ره‌ب گفتووگۆی كرد كه پێكهاتبوون له هه‌ریه‌ك له قوسه‌ی مونیر، عه‌مار حوسێن و سادق سه‌عدوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هیچ كامێكیان نه‌گه‌یشته رێككه‌وتن.
دواجار ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌كه گفتووگۆیه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رمان ساڵح ده‌ستپێكرد و گه‌یشته رێككه‌وتن كه ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی دهۆك وه‌ربگرێت كه پێشتر هه‌رمان وه‌كو یاریزان ماوه‌ی 15 ساڵ به درێسی یانه‌ی دهۆك له خوله‌كانی كوردستان و عێڕاق یاری كردووه، هاوكات وه‌كو یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ریش له یانه‌ی دهۆك كاری كردووه و ماوه‌یه‌كیش ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی زێره‌ڤانی وه‌رگرتووه.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی قۆناخی دووه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان یه‌كه‌مین یاری هه‌رمان ساڵح وه‌كو راهێنه‌ری یانه‌ی دهۆك له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌بێت.
یانه‌ی دهۆك ئه‌م وه‌رزه له خولی نایابی كوردستان 7 یاری كردووه، 2 بردنه‌وه، 4 شكست و یه‌ك به‌رامبه‌ربوونی تۆمار كردووه.