(10) یاسا بۆ زیاتركردنی رێژه‌ی سه‌وزایی

"گرنگ ئەوەیە، دارێکی گونجاو لە ژینگەیەکی گونجاو و لە کاتێکی گونجاودا بچێندرێت"
زیاتكردنی رێژه‌ی سه‌وزایی
زیاتكردنی رێژه‌ی سه‌وزایی

K24 - هه‌ولێر:

ژینگەناسان (10) یاسا و رێکاری نوێ بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و ژیاندنەوەی دارستانە لەناوچووەکان دەخەنەڕوو، ژینگەناسان رێکارەکانیان ناو ناوە "یاسا زێڕینەکان"، هۆشداریش دەدەن، چاندنی دار لە شوێنی هەڵە و بەشێوازێکی هەڵە لەجیاتی سوود، زیان بە ژینگە دەگەێنێت.

بەگوێرەی تازەترین لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر ژینگە، کە لەلایەن باخچەی کیو بۆ رووەکە شاهانەکان و دامەزراوەی پاراستنی رووەکی نێودەوڵەتی بڵاوکراوەتەوە، چاندنی دار و رووەک، هەمووکات کارێکی باش نییە و بەپێچەوانەوە ئەگەر دارێکی هەڵە، لە ژینگە و ناوچەیەکی هەڵە، لە کاتێکی هەڵەدا بچێندرێت، زیانی زیاترە تاوەکو سوود.

کەیت هاردویک، لێکۆڵەر لە دامەزراوەی کیو بۆ پاراستنی رووەک گوتی: "چاندنی دار کارێکی باشە و هەمووکات دەبێت هانی خەڵکی بدرێت، تا دار بچێنن، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە، دارێکی گونجاو، لە ژینگەیەکی گونجاو، لە کاتێکی گونجاودا بچێندرێت، واتە ئەو دارستانانەی لەناوچوون هەمان داریان تێدا بچێندرێتەوە، کە پێشتر لێی بووە".

بۆ ئەو مەبەستەش (10) یاسای نوێیان بڵاوکردەوە و داوا دەکەن لەهەر شوێنێکی گۆی زەوی، خەڵکی هەوڵی زیادکردنی سەوزایی دەدەن، پەیڕەویان بکات.

کەیت هاردویک، گوتیشی: "یاسا زێڕینەکان بریتن لە: پاراستنی ئەو دارستانانەی ئێستا هەن. کارکردن و هەماهەنگی لەگەڵ خەڵکی خۆجێی. زیادکردنی هەوڵەکان بۆ هەرچی زیاتر چاندنی رووەکی جۆراوجۆر. هەڵبژاردنی ناوچەیەکی گونجاو بۆ دارستان. چاندنەوەی ئەو دارانەی لەگەڵ ژینگەی ئەو ناوچە دیاریکراوەدا دێنەوە. چاندنی ئەو دارانەی بەرگەی کەشوهەوای جۆراوجۆر دەگرن. پلانی پێشوەختە بۆ دیاریکردنی کاتی و شوێنی گونجاو. راوێژکردن بە کەسانی شارەزای ژینگە و رووەک و خاک و ئاو. دارێک بچیندرێت، کە بتوانرێت وەک سەرچاوەی داهات بۆ نەوەی داهاتوو سوودی هەبێت. لە هەنگاوی یەکەمیشدا ناوچەیەکی کەم دیاری بکرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت."

دەیان ساڵی دەوێت، تا ئەو دارانەی دەچێنرێن بەتەواوی گەشە دەکەن و دەبنەوە بەو دارستانەی بەهۆی بڕین و سووتان و کارەساتە سروشتییەکانەوە لەناوچوون.

دارستانەکان هێڵی یەکەمی بەرگرین لەبەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، ساڵانە برێکی زۆر لەو دوانۆکسیدی کاربۆنەی بەهۆی مرۆڤەوە دەچێتە ناو ژینگە هەڵدەمژن و دەیکەنەوە بە ئۆکسیجین.

کەمبوونەوەی رێژەی دارستانەکان لە ساڵانی رابردوو، کاریگەری راستەوخۆی کردووەتەسەر ژینگەی هەسارەی زەوی و بەردەوام هۆشداری لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و پیسبوونی ژینگەش دەدرێت.

د.ی