عێراق 100 ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی ڤاكسین تەرخان دەكات

یەك ملیۆن و 600 هەزار دانه‌‌ ڤاکسین دەگاتە عێراق
ڤاكسین
ڤاكسین

K24 - ھەولێر

حکومەتی عێراق بڕیاریدا 100 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا تەرخان بكات و ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئاشكرای كرد، مانگی داھاتوو یەك ملیۆن و 600 هەزار دانه‌‌ ڤاکسینی فایزەر دەگاتە عێراق.

لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، باس لە دۆخی ئەمنی، ئابووری و تەندروستی کرا و چەند بڕیارێک لەبارەیانەوە دران. لە گرنگترین ئەو بڕیارانەش، تەرخانکردنی 100 ملیۆن دۆلارە بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا.

پێشتر حەسەن خه‌ڵاتی ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندبوو، له‌ كۆتایی مانگی داهاتوودا، یەك ملیۆن و 600 هەزار دانه‌ له‌ ڤاکسینی فایزەر دەگاتە عێراق.

بەگوێرەی دوایین راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی عێراق تائێستا 615 ھەزار و 380 كەس لە عێراق تووشی كۆرۆنا بوونە، لە كۆی ئەو ژمارەیەش 13010 كەس گیانیان لەدەستداوە.