عێراق دووەم گەورەترین ھاوردەكاری ئێرانە

پێنج گەورەترین ھاوردەكاری كاڵای ئێرانی ئاشكرا كران
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - ھەولێر

پێنج گەورەترین ھاوردەكاری كاڵای ئێرانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گومرگەكانی ئێرانەوە راگەیەندرا و عێراق لە پلەی دووەمدا ھاتووە.

مەھدی ئەشرەفی، سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی گومرگەكانی ئێران رایگەیاند، قەبارەی بازرگانی دەرەكی ئێران لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا سەرەڕای مەترسییەكانی كۆرۆنا لەسەر ئابووری، گەیشتووەتە 59 ملیار دۆلار و عێراقیش لەنێو وڵاتاندا لە پلەی دووەمدا ھاتووە وەك گەورەترین ھاوردەكاری كاڵای ئێرانی.

ئەشرەفی ئاماژەیدا، چین لە ھاوردەكردنی كاڵای ئێرانی پێشەنگە بە 22 ملیۆن و 800 ھەزار تۆن، كە بە بەھای 7 ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە، دواتر عێراق دێت بە 22 ملیۆن و 300 ھەزار تۆن كە بە بەھای 6 ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە. ھەرچی ئیماراتە لە پلەی سێیەمدا دێت بە 12 ملیۆن و 800 ھەزار تۆن، كە بەھاكەی 3 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە، دواتر توركیا بە 5 ملیۆن و 700 ھەزار تۆن بەبەھای 2 ملیار دۆلار،  و ئەفغانستان بە 5 ملیۆن و 800 ھەزار تۆن بە بەھای ملیارێك و 900 ملیۆن دۆلار.

بەگشتی ئەو 5 وڵاتە 69 ملیۆن و 500 ھەزار تۆن كاڵایان لە ئێرانەوە ھاوردەكردووە بە بەھای 21 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.