بۆ دەستپێكردنەوەی قوتابخانەكان بڕیار لەسەر چەند پێشنیازێكی نوێ دەدرێت

پێشنیازكراوە پێش مانگی ئادار دەرگای قوتابخانەكان بكرێنەوە
قوتابییەكی یەكێك لە قوتابخانەكانی سنووری ھەولێر - ئەرشیف
قوتابییەكی یەكێك لە قوتابخانەكانی سنووری ھەولێر - ئەرشیف

K24 – ھەولێر

ھەرچەندە بڕیاربوو خوێندنی قۆناغەكانی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی لەناو پۆلەكان لە مانگی ئادار دەست پێبكاتەوە، بەڵام چەند پێشنیازێك كراوە كە ئەو وادەیە پێش بخرێت و مانگی شوبات خوێندنی ھەموو قۆناغەكان لەناو پۆلەكان دەست پێبكاتەوە.

عەبدولسەلام دۆڵەمەری، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا وەك لیژنەیەكی تایبەت لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی وەزارەتی پەروەردەمان كرد و گفتوگۆمان لەسەر دەوامی خوێندن كرد، دواتریش وەك لیژنەی پەرلەمان كۆبووینەوە و شرۆڤەی لێكەوتەكانمان كردووە، چەند پێشنیازێكمان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی بیدەین بە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كە بڕیارە لە 2/2/2021 كۆببێتەوە، ئێمە پێشنیازمان كردووە كە پێش مانگی ئادار دەوام لە قوتابخانەكان دەست پێبكاتەوە، پێمان وایە جیاوازی نییە مانگی 2 یان 3 دەست پێبكاتەوە، ئەگەر مانگی 2 دەست پێبكاتەوە دەتوانرێت زووتر پڕۆگرامی خوێندن تەواو بكرێت، چونكە 180 رۆژ پێویستە بۆ تەواوكردنی پڕۆگرامی خوێندن".

گوتیشی: "راستە پێشتر لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاریدا 1/3/2021 خوێندنی قۆناغەكانی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی لەناو پۆلەكان دەست پێبكاتەوە، بەڵام بەگوێرەی ھەڵسەنگاندن و راپۆرتی تەندروستی دەتوانرێت گۆڕانكاریی لە بڕیارەكە بكرێت، چونكە خۆشبەختانە بەگوێرەی راپۆرتی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی ئێستا دۆخەكە بەرەو باشی دەڕوات و ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا كەمیكردووە".

لە دوایین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیار درا 16/1/2021 خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی لەناو پۆلەكان دەست پێبكرێتەوە و دەوامی پۆلی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی لە 1/3/2021 دەست پێبكاتەوە.

بڕیارە رۆژی 2/2/2021 لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆببێتەوە و بە پشتبەستن بە راپۆرتی ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی بڕیار لەبارەی پڕۆسەی خوێندن بدات.