کەرکووك.. زمانی کوردی لە پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵی پۆلی 12ـی ئامادەیی هه‌ڵگیرا

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک: من، وای دەخوێنمەوە ئەمە دۆزینەوەی کێشەیە بۆ خوێندنی کوردی، تاوەکو لەبەردەم دانیشتووانی کەرکووک بیسەلمێنن، کە بڵێن خوێندنی کوردی پڕ کێشەیە و رەوشەکە چارەسەر نابێت و خەڵک لە خوێندنی کوردی ببێتەوە.
زمانی کوردی لە کەرکووک لە پرۆگرامی خوێندنی پۆلی 12 لادرا
زمانی کوردی لە کەرکووک لە پرۆگرامی خوێندنی پۆلی 12 لادرا

K24 - هەولێر

وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بابەتی زمانی کوردی لە پڕۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ بۆ پۆلی 12ـی ئامادەیی هەڵگرت، بڕیارەکە نیگەرانی قوتابی و مامۆستایانی خوێندنی کوردی لێکەوتووەتەوە و بە پیلانێکی ترسناکی دەزانن لەدژی کورد و زمانی کوردی.

مریەم رەشید، مامۆستایەکە لە کەرکووک، لەمبارەیەوە قسە بۆ کوردستان24 دەکات و دەڵێ "ئێمە، وەکو مامۆستایانی بەشی کوردی، ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بەم بڕیارە... زۆربەی ئەو قوتابییانەی دوای ئەوەی لە پۆلی 12ـی ئامادەیی دەردەچن و دەچنە بەشی زمانی کوردی، لە خۆشەویستییانە بۆ زمانەکە و زمانی رەسەن و زمانی دایکمان".

ئەڤین مەوجوود، قوتابییەکی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، دەڵێ خوێندنی زمانی کوردی نابێت لابدرێت، چونکە زمانی دایکە. قوتابییەکی دیکەش بەناوی حەبیبە ئەحمەد باس لەوە دەکات ئەوە ستەمێکی گەورە و دوژمنکارانەیە بەرامبەر کورد و دەڵێ "هیوادارین بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە بەو بڕیارە رازی نەبێت".

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەوامی قوتابخانەکان لە کەرکووک، لە هەفتەیەکدا بۆ یەک رۆژ کەمکراوەتەوە. بابەتی وانەکانی پۆلی 12ـی ئامادەییش لە هەردوو خوێندنی عەرەبی و تورکمانی بۆ زیاتر لە نیوە کەمکراونەتەوە، بەڵام بەپێچەوانەی خواستی قوتابیان و مامۆستایانی خوێندنی کوردی، وەزارەتی پەروەردەی عێراق تەنیا زمانی کوردی لابردووە.

پیلانەکە، لاوازکردنی خوێندنی کوردیی و دابەزاندنی ئاستی قوتابی و خوێندکارانی کوردە کە ساڵانە پلەی یەکەم بەسەر خوێندنی عەرەبی و تورکمانی دەهێنن، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە و داوای هاوکاری دەکات بۆ شکستپێهێنانی ئەو پیلانە.

مامۆستا شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێ "من، وای دەخوێنمەوە ئەمە دۆزینەوەی کێشەیە بۆ خوێندنی کوردی، تاوەکو لەبەردەم دانیشتووانی کەرکووک بیسەلمێنن، کە بڵێن خوێندنی کوردی پڕ کێشەیە و رەوشەکە چارەسەر نابێت و خەڵک لە خوێندنی کوردی ببێتەوە، لەکاتێکدا خوێندنی کوردی تاکە سیمبوولە کە هزری نەتەوایەتی لەو شارە پاراستووە. تکام وایە لە وەزیری پەروەردەی هەرێم، بە تووندی بێتە سەر خەت".

خوێندنی کوردی لە کەرکووک، 500 قوتابخانە و باخچەی ساوایانی تێپەڕاندووە، زیاتر لە 100هەزار قوتابی و نزیکەی هەشت هەزار مامۆستا و فەرمانبەری هەیە، سەرەڕای دژایەتی و هەوڵی زۆری نەیارانی، بە هاوکاری و پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وزارەتی پەروەردە، خوێندنی کوردی توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بووەستێت.

هـ.ر.