دایک و باوکێک لە هیندستان بەتۆمەتی کوشتنی دوو کچەکە گەنجەکەیان دەستگیرکران

بە دڕندانەترین شێوە کوشتوویانن و دەڵێن "خۆیان داوایان کرد بیانکوژین"
وێنەی خێزانەکە، کە لە ئینستاگرامی کچە بچووکەکەیان وەرگیراوە
وێنەی خێزانەکە، کە لە ئینستاگرامی کچە بچووکەکەیان وەرگیراوە

K24 - هەولێر

ژن و پیاوێک لە هیندستان رۆژی سێشەممە بەتۆمەتی کوشتنی دوو کچە گەنجەکەیان دەستگیرکران، لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا گوتوویانە کچەکانیان خۆیان ناچاریانکردوون بیانکوژن.

رۆژنامەی هیندوو، دوێنێ راپۆرتێکی لەبارەی ئەو تاوانە بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، پیاوەکە ناوی پوروشۆتام نایدوە و تەمەنی 55 ساڵە، هاوسەرەکەشی ناوی پادماجایە، هەردووکیان پرۆفیسۆرن، بە سەنگی وەرزشکردن و درمغ لە ئەلیجیای تەمەن 27 ساڵ و سای دیڤیای تەمەن 22 ساڵی کچیان داوە و کوشتوویانن.

رۆژی سێشەممە، تەرمی هەردوو کچەکە، بە یارمەتیی هێزەکانی پۆلیس، لەلایەن خێزانەکەیان و خزمەکانیان نێژراون.

راڤی مانۆهار ئاکاری، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری ماداناپالی هیندستان بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا بۆیان دەرکەوتووە دایک و باوکەکە تۆمەتبارن، " خێزانەکە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەژێر کاریگەریی هێزێکی شارەوەدا بوون"

بە گوتەی ئاکاری "ئەو دوو هاوسەرە دەڵێن، کچەکانیان ماوەی چەند هەفتەیەک بووە رەوشیان خراپ بووە و لەلای دایکیان گوتوویانە هەناسەیان تەنگ دەبێت و شتی سەیریان دێتە بەرچاو لە ماڵەوە. یەکەمجار کچە بچووکەکە گوتوویەتی ناتوانێت چیدیکە بەرگەی ئەو ئەشکەنجەیە بگرێت، بۆیە ئەگەر نەیکوژن، بۆخۆی خۆی دەکوژێت".

دیڤیا بەشێوەیەکی دڕندانە کوژراوە، دوای چەند کاتژمێرێک، "خوشکە گەورەکەی گوتی ئەگەر من بکوژن، ئەو زیندوو دەبێتەوە"، ئەمە گوتەی دایکەکەیە، کە قسەی بۆ پۆلیس کردووە، گوتووشیەتی بۆیە لەگەڵ هاوسەرەکەی، درەنگانی ئێوارە هەمان رۆژ کچە گەورەکەشیان بەهەمان شێوە کوشتووە.

پۆلیس سەیری کامێرای چاودێریی کردووە، و دەڵێن "دڵنیاین کەسی دیکە لەو دوو رووداوی کوشتنەدا تێوەنەگلاوە".

دوو کچەکە رۆژی یەکشەممەی رابردوو کوژراون، دایک و باوکیان رۆژی سێشەممە دەستبەسەرکراون.

پادماجا، دایکی دوو کچەکە کاتێک بردراوە بۆ پشکنینی کۆرۆنا لەدوای دەستبەسەرکردنی، بەگوتەی پۆلیس هاواری کردووە و گوتوویەتی "من خواوەند شیڤام، شیڤا بەڕێوەیە و کارەکەم تەواو"، بەڵام هاوسەرەکەی هاوکاریی پۆلیسی کردووە.

رۆژنامەی هیندوو لەبارەی ئەو خێزانەوە لەزاری پۆلیسەوە دەڵێ "هەر چواریان، زۆر خوێندەوار بوون و خێزانێکی دەوڵەمەند و خاوەن زەویزارێکی زۆرن".


هـ.ر.