پۆلیسی سلێمانی: ئەو شۆفێرە دەستگیرکرا کە لە هاووڵاتییەکی دا و هەڵات
K24 - هەولێر
پۆلیسی سلێمانی شۆفێرێکی دەستگیرکرد کە تۆمەتبارە بە لێدان لە هاووڵاتییەک بە ئۆتۆمبێلەکەی و دواتر هەڵاتن. ئەو کەسەی لێشی داوە، لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێک کە ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە دەڵێ "شەوی رابردوو لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود، لە رووداوێكدا شۆفێرێك بە ئۆتۆمبێل لە ماتۆرسكیلێكی دا و هەڵات، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس، هێڵكاری بۆ شوێنی رووداوەكە كرا و شۆفێری ماتۆڕسكیلەكە بەناوی (هـ. ع. ئـ.) لەدایكبووی 1993، بە برینداری بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا".
دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە کراوە و بە گوتەی پۆلیسی سلێمانی، توانراوە لە ماوەیەكی كەمدا و بەسوودوەرگرتن لە كامێراکانی چاودێریی سنوورەكە، لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەیوان، تۆمەتبارەکە دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا.
تۆمەتبارەکە ناوی (د. ف. ح.)ـە، لەدایكبووی 1988ـە و بەبڕیاری دادوەر راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.