جۆ بایدن چەند بڕیارێك لەبارەی گۆڕانی كەشوھەوا دەدات
K24 – ههولێر:
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمهریكا، واژووی لەسەر رێككەوتنی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكانی گۆڕانی كەشوھەوا كرد و رایگەیاند، پێویستە لەم كاتەدا بەیەك تیم رووبەڕووی مەترسییەكانی سەر كەشوھەوا ببینەوەو ھەوڵی كەمكردنەوەی مەترسییەكان بدەین و ھەوڵیش دەدەن بەبڕی 90 ملیار دۆلار وەبەرھێنان لە كەرتی وزەی نوێدا بكهین.
لهو بارهیهوه، جۆ بایدن گوتی: "بەبۆچوونی من، ماوەیەكی زۆربوو چاوەڕێیمان كرد بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەكی تەندروست مامەڵە لەگەڵ قەیرانەكانی گۆڕانی كەشوھەوا بكەین، چیدیكە ناتوانین لەوە زیاتر چاوەڕێ بكەین و بەبەرچاوماندا ئەو قەیرانە روو لە فراوانبوون بكات، بۆیە ئێستا كاتی ئەوە ھاتووە بەیەكەوە كاربكەین".
ئامارو توێژینەوەكان لەسەر گۆڕانی كەشوھەوا، دەریدەخەن، پیسبوونی ژینگە زۆر لە مەترسییەكانی كۆرۆنا زیاترەو ژمارەی مردووانیش بەھۆی پیسبوونی ژینگە، زۆر لە ژمارەی مردووان بەڤایرۆسی كۆرۆنا زیاترە، شارەزایان پێیانوایە بەم ھەنگاوە ئەمهریكا ژمارەیەكی زۆری ھەلیکار دەڕەخسێنێت.
لهو چوارچێوهیهدا، راوێژكاری ژینگە لە كۆشكی سپی، جینا مكارسی، رایگهیاند، ئەمهریكا پابەند دەبێت لەبارەی دووبارەی گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنی پاریس، ھەروەھا دووبارە ھەوڵەكان بەگەڕ دەخرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ھێرشانەی دەكرێنە سەر ژینگە و كەشوھەوای وڵاتەكەمان، كە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا ببووە مەترسییەكی گەورە.
گوتیشی: ئەمهریكا دەیەوێ زیاتر پەرە بە كەرتی وزەی نووێبووەوە بدات بیكاتە جێگرەوەی وزەكانی دیكە، ھەروەھا ئیدارەی نوێی ئەمهریكا رێكارەكانی گرتبووەبەر بۆ راگرتنی چالاكییەكانی گەڕان بەدوای نەوت و گاز لە خاكی ئەمهریكا كەمبكرێتەوە.