تەرمی 12 سهربازى سوپای پاسداران لە بەردەستی گرووپهكانى ئۆپۆزيسیۆنی سووریادان
K24 – ههولێر:
تەرمی 12 سهربازى سوپای پاسداران لەبەردەستی گرووپهكانى ئۆپۆزيسیۆنی سوریادان.
سوپای پاسدارانی ئێران رايگهياند، تەرمی 12 ئەندامی سوپای پاسدارانی مازەندەران لەبەردەستی ئۆپۆزيسیۆنی چەكداری سوریادان، نەیانتوانیوە بیانگەڕێننەوە.
حوسێن عەلی رەزایی، گوتەبێژی سوپای کەربەلای سەر بە سوپای پاسدارانی پارێزگای مازەندەرانی ئێران بە ھەواڵدەری ئیسنای راگهياندووه، كە نەیانتوانیوە تەرمی 12 ئەندامی كوژراویان لەبەردەستی ئۆپۆزيسیۆنی سووریا دەربھێنن و بيانگهڕێينهوه بۆ ئێران.
ھاوكات ئاشكراشیكردووە، كە دوای كوژرانی 13 كەسیان لە خان تومان سەرجەم پاسدارەكانیان لەو ناوچەیە كشاندووهتەوە، دوای وەرگرتنی فەرمان لەسەرووی خۆیان ھەوڵ بۆ گرتنەوەی خان توومان دەدەنەوە.
رۆژى 9ى ئايار/ مايۆى 2016 دواى كوژرانى 13 پاسدار له ناوچهى خان توومان، سكرتێری ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆمارى ئيسلامى ئێران رايگهياند، تۆڵەیەكی تووند لەو تیرۆریستانە دەكەینەوە، كە لە خان توومانی سوریا چەندین سهربازى سوپای پاسدارانی ئێرانیان كوشت.
موحسین رەزایی، سكرتێری ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆمارى ئيسلامى ئێران كە فەرماندەیەكی پلە باڵای سوپای پاسدارانیشە لەپەیجی ئینستگرامی خۆیدا نووسیویبووى: تەكفیرییەكان ئاگربەستیان پێشێلكردووە و لە خان توومانی نزیك حەلەب چەندین سەربازی ئێرانی و سوریان كوشتووە.
رەزایی گوتيشى: شەڕەكە لە سوریا بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران گرنگە و تۆڵەیەكی تووندیان لێ دەكەینەوە.
رۆژى 7ى ئايار/ مايۆى 2016، لە پێکدادانەکانی شارۆچکەی خان تومان لە پارێزگای حەلەبی سووریا 13 پاسدارى ئێرانى کوژران و 21 پاسدارى ديكه بریندار بوون.
حوسێن عەلی رەزایی، گوتەبێژی سوپای کەربەلای سەر بە سوپای پاسدارانی پارێزگای مازەندەرانی ئێران بە ئاژانسی فارسی راگەیاندووە، لە شەڕ و پێکدادانەکانی پارێزگای حەلەبدا 13 پاسدار كوژراوون و 21 پاسدارى ديكه بريندار بوون.
دەگوترێ لە شەڕی خان توماندا لانی کەم 70 کەس کوژراون کە زۆربەیان ئەندامانی لەشکری فاتمييهكان بوون کە لەشکرێکی سەر بە سوپای پاسدارانەوە و لە چەکدارانی ئەفغانی پێکهاتووە.