خواست لهسهر زێڕ گهیشتووهتهوه نزمترین ئاستی 11 ساڵی رابردوو
K24- ههولێر:
بهگوێرهی راپۆرتی ئەنجومەنی جیھانیی زێڕ، بەھۆی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كاریگەرییەكانی لەسەر سستبوونی خواست لەلایەن بەكاربەرەوە بەدرێژایی ساڵی 2020، خواستی جیھان بۆ زێڕ نزمترین ئاستی 11 ساڵی رابردووی بهڕێژهی 14%ی تۆماركردووه.
لە راپۆرتی ئەنجومەنەكەدا ھاتووە، ساڵی 2020 خواستی ساڵانە لەسەر ئەو كانزا زەردە گهیشتووهتهوه 3 ههزار و 759.6 تۆن، ئەوەش بە یەكەم ساڵ دادەنرێت كە خواست لەسەر زێڕ كەمببێتەوە و بەراورد بە ساڵی 2009 چوار ھەزار تۆن كەمیكردووە، بەجۆرێك لە چارەكی چوارەمی ساڵی رابردوو خواستی جیھان بەرێژەی 28% لەسەر بنەمای ساڵانە كەمبووەتەوە و گەیشتووەتە 783.3 تۆن، ھەرچی خواستە لەسەر خشڵی زەرد لەماوەی ساڵی رابردوو بەرێژەی 34% دابەزیوە و گەیشتووەتە ههزار و 411.6 تۆن، چونكە لێكەوتە نەرێنییەكانی كۆرۆنا لەسەر بەكاربەر و ھەروەھا خواستیان بۆ ھەڵگرتنی پارە، لەلایەكی دیكەشهوه نەبوونی ئاھەنگ و گەشتكردن، خواستیان لەسەر خشڵ و گەوھەر بەگشتی كەمكبووهتهوه.
راپۆرتی ئەنجومەنی جیھانی زێڕ ئاماژەی بهوهش داوە، ئەو دۆخە ناڕوونەی ھەیە و ھەروەھا ھەوڵی حكومەتەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، پشتگیری خواستیان لەسەر وەبەرھێنان كرد و بەڕێژەی 40% لەسەر بنەمای ساڵانە بەرزبووەتهوە، بەمهش ئاستێكی نوێی لە بەرزبوونەوە تۆماركرد و گەیشتە ههزار 773.2 تۆن.
سەبارەت بە ئەدای سندوقەكانی وەبەرھێنانی زێڕ لە چارەكی چوارەمی ساڵی رابردوو، راپۆرتەكە ئاماژەی بهوه داوه، دابەزینێكی بەرچاو لە خواستی جیھان دروستبووە و كۆی زیادەی دەرەكی 130 تۆن بووە، ھەرچی زیادەی ناوخۆیە گەیشتووەتە ئاستی پێوانەیی و 877.1 تۆنی ساڵانەی تۆماركردووە، كە بە تێكڕا 47.9 ملیار دۆلارە.
ھەروەھا كۆی خستنەڕووی ساڵانە لە 2020دا بەرێژەی 4% دابەزیوە و گەیشتووەتە 4 ههزار و 633 تۆن، ئەوەش له ساڵی 2013 ـەوە تائێستا بە گەورەترین دابەزینی ساڵانە ھەژماردەكرێت، ھۆكارەكەشی بۆ وەستانی بەرھەمھێنان لەلایەن كانگاكانەوە لە ئەنجامی كۆرۆنا دەگەڕێنێتەوە .
ئەمه لە كاتێكدایە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا و بە پاڵپشتی خواست لەلایەن وەبەرھێنەرانەوە لە چەند كاتێكی دیاریكراوی ساڵدا، نرخی زێڕ بە دۆلاری ئەمهریكی بەرێژەی 25% بەرزبووەتهوە و تا كۆتاییەكانی 2020 گەیشتە ههزار و 887.6 دۆلار بۆ ھەر ئۆنسهیهك.
H.B