نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران درێژكرایەوە

تۆماری قەوارە و ھاوپەیمانیێتیەكانیش درێژ دەكرێتەوە
نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەولێر
نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ھەولێر

K24 - ھەولێر

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی تۆماركردنی قەوارە و ھاوپەیمانێتیەكان و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی درێژكردەوە.

عەبدولرەزاق موشیر گۆران، بەرپرسی لقی ھەولێری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ماوەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ 31/3/2021".

گوتیشی: "تائێستا 56%ی ھاووڵاتییانی سنووری پارێزگای ھەولێر کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە".

سەبارەت بە تۆماری قەوارە و ھاوپەیمانێتییەكان فەرھاد ئەسعەد شێتنەیی، بەرپرسی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی ھەولێری كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "ماوەی تۆمارکردنی ھاوپەیمانی حزبەکان 10/2/2021 درێژ کرایەوە، ھەروەھا وادەی تۆماری کاندیدەكانی لایەنە سیاسی و کۆتا و سەربەخۆکانیش تا رۆژی 1/3/2021 درێژكراوەتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە دوای مشتومڕی زۆر لەنێوان لایەنە سیاسییەكان، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە ھاوبەشی لەگەڵ كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان بڕیاریدا ھەڵبژاردنی عێراق لە 6ی حوزەیرانەوە بۆ 10/10/2021 دوا بخرێت.