نەوەی نوێی کۆرۆنا لە 17 شاری تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوبووەتەوە

هۆشداری دەدرێت
وێنەیەکی وەرگیراو لە راپۆرتە ڤیدیۆییەکە
وێنەیەکی وەرگیراو لە راپۆرتە ڤیدیۆییەکە

K24 - هەولێر

هێشتا جۆری یەکەمی پەتای کۆرۆنا کۆنترۆڵ نەکراوە، نەوەی نوێی ڤایرۆسەکە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە. وەزیری تەندروستیی تورکیاش رایگەیاند لە 17 شاری تورکیا (و باکووری کوردستان) 128 تووشبووی نەوەی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراون.

لە لایەکی دیکەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان، پرۆسەی کوتانی کارمەندانی تەندروستی و کەسانی بەتەمەن، لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە، لەدوای کوتانی کەسانی سەروو تەمەن 85 ساڵ، هەڵمەتی کوتانی کەسانی سەروو تەمەن 75 ساڵ دەستیپێکرد و بەردەوامە.

دکتۆر ئەفشین ئیمرە کایپماز، ئەندامێکی دەستەی زانستیی تورکیا، هۆشداری لە شەپۆلی سێییەمی کۆرۆنا دەدات و دەڵێ "ئەگەر بەتایبەتی لە مانگەکانی شوبات و ئادار پابەندی رێنماییەکان بین و چەند زیاتر ڤاکسین بکڕدرێت، مانگەکانی حوزەیران و تەمموز باشتر تێدەپەڕن. دەکرێت لە پاییزدا ڤایرۆسێکی نوێ دەرکەوێت، بەڵام ئیدی رێگا و پرۆسەکانی بەرگری دەزانین".

هەروەها دەڵێ "ئێستا بەرگری زیاد بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر سستبوون لە رێکارەکان هەبێت، دووبارە ژمارەی تووشبووان بەرزدەبێتەوە و رووبەڕووی شەپۆلی سێیەمیش دەبین".

لە باکووری کوردستان و تورکیا بە ئامانجی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، لە کاتژمێر 09:00ـی شەو بۆ 05:00ـی بەیانی دەرچوون قەدەغەیە، بەگوتەی شارەزایان هەرچەندە سزای گران بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە پابەندی رێکارەکان نابن، بەڵام بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان کەمە.

هـ.ر.