نرخی بەرمیلێک نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ 45 دۆلار بەرزدەکرێتەوە

K24 - ھەولێر
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 بۆ 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزدەکەنەوە.
د. ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، لیژنەکەیان لە پەرلەمان کۆی گشتی خەرجییەکانی لە پڕۆژەیاسای بودجە لە 164 تریلیۆن دینارەوە بۆ 130 ترلیۆن دینار کەمکردووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەداوە، کە ماوەی دوو هەفتەیە رۆژانە لیژنەکەیان بە بەردەوامی کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، بە شێوەیەک خوێندنەوەی یەکەم بۆ سەرجەم بابەت و بڕگەکانی نێو پڕۆژەی بودجە کراوە و ئێستا لە خوێندنەوەی کۆتاییدان.
د. ئەحمەد سەفار ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەکەیان لە ماددەی 12 گۆڕانکاری بەرچاوی ئەنجامداوە، هەروەها پێشنیاز هەیە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت لە 42 بۆ 45 دۆلار بۆ ئەوەی داهاتی گشتی زیادبکرێت، هەروەها کورتهێنانیش بۆ کەمتر لە 30 ترلیۆن دینار کەم بکەنەوە.
راشیگەیاند، چەندین بڕگەی دیکە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە لە رۆژانی کۆتایی تاوتوێ دەکرێن، بە تایبەت ئەوەی پەیوەستە بە کەمکردنەوە و گۆڕانکاری لە پلەی فەرمانبەران هەروەها پشکی هەرێمی کوردستان.