هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی ده‌یانه‌وێت ده‌ستكاری یاسای هه‌ڵبژاردن بکرێت

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران: دوو داوکاریی فەرمیمان لەلایەن دوو فراکسیۆنەوە پێگەیشتووە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە کاتێکدا نزیکەی دوو هەفتە تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی حوزەیرانەوە بۆ مانگی تشرینی یەکەم، لەلایەن حکومەت و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان؛ هەندێک لە فراکسیۆنەکان دەستیان بە جووڵەیەکی سیاسی کردووە، بەمەبەستی هەموارکردنەوەی دوو بڕگە لە یاسای هەڵبژاردنەکان، کە تایبەتن بە بازنەکانی هەڵبژاردن و سیستەمی دەنگدانی بایۆمەتری.

حوسەین ئەلعوقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە رۆژنامەی "عەرەبی جەدیدی"ـی راگەیاندووە، لیژنەکەیان دوو داوکاری فەرمییان لەلایەن دوو فراکسیۆنەوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان پێگەیشتووە، بەبێ ئەوەی ناوی فراکسیۆنەکان ئاشکرا بکات، بەتایبەت لەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردن و سیستەمی دەنگدانی بایۆمەتری.

عوقابی دەڵێت، هەمواری یاساکە، ئێستا لەنێو خشتەی کارەکانی لیژنەی یاسایی پەرلەماندایە و پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی دواتر خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، لەبەرامبەریشدا هەڵمەتێکی واژۆکۆکردنەوە، لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە هەیە، بۆ دەستکارینەکردنی یاساکە.

هاوکات کازم سەیادی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەران و دۆخی ئەوکات، پەلە لە داڕشتن و پەسندکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان کراوە و کەموکوڕی زۆری تێدایە، هۆکارێکیشە بۆ تۆخکردنەوەی بیری تائیفی و مەزهەبی و تەنانەت شارچییەتی و ناوچەگەری.

بەرای سەیادی، دەبوایە لە عێراق، هەر هیچ نەبێت پارێزگا، یەک بازنەی هەڵبژاردن بووایە.

لە بەرامبەردا محەمەد غزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی سائیرون رایگەیاند، هەر هەموارکردنەوەیەک نابێت، سیستمی دەنگدان و فرەبازنەیی بگرێتەوە، لە کاتێکدا حکومەت و کۆمیسیۆنیش، هیچ نیازێکییان بۆ هەمواری یاساکە پیشان نەداوە.

چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە؛ ئەم هەنگاوە ناکۆکی زیاتر لەنێوان هێزە سیاسییەکان دروست دەکات و دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دواخستنی هەڵبژاردنەکان.